لیژنە ھاوبەشەکانی قائمقامیەتیی سلێمانی، ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی پلانی دوای 48 سهعاتی قەدەغەی ھاتوچۆ کرد، له پلانهكهدا شێوازی کارکردنی مارکێت و نانەوا و سەموونخانەکان لە ئەگەری کردنەوەیان شێوازی کارکردنیان گۆڕاوه و بە تەواوی پاراستنی تەندروستی ھاووڵاتییان لەبەر چاو گیراوه.
ڕێکخستنی ژیانی هاووڵاتییانی پارێزگای سلێمانی دوای 48 سهعاتی قەدەغەی ھاتوچۆ
ئەمڕۆ یەکشەم پێنجى نیسان، کۆبوونەوەی لیژنە ھاوبەشەکان و ئاسایشی ئابووری و چاودێری بازرگانی و کۆمپانیای خۆراک لە قائمقامیەتی سلێمانی بەمەبەستی دانانی رێوشوێنی پێویست بۆ ڕۆژانی دوای کۆتایی ھێنانی 48سهعاتی قەدەغەی ھاتووچۆ بەڕێوە چوو.
لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائمقامیەتی سلێمانی له ڕاگهیاندراوێكدا كه وێنهیهكى دهست "وشه" كهوتووه، ڕاى گهیاندووه، "پلانێکی نوێیان داناوە و ئامادەسازی تەواو کراوە بۆ شێوازی کارکردنی کۆمپانیاکانی خۆراک و کردنەوەی نانەوا و فڕنی سەموون و مارکێت و گۆشت فڕۆش و میوەفرۆشەکان و عەلوەی سلێمانی، بەگشتی ڕێکخستنی ژیانی هاووڵاتییانی پارێزگای سلێمانی دوای 48 سهعاتی قەدەغەی ھاتوچۆ."
زیاتر هاتووه، "لە ئەگەری کردنەوەی ئەو شوێنانە شێوازی کارکردنیان جیاواز دەبێت و بە تەواوی پاراستنی تەندروستی ھاووڵاتییان و رێگریکردن لە بڵاو بوونەوەی کۆرۆنا لەبەرچاو دەگیرێت".
هەرێمی كوردستان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ئێستە بە قۆناغی قهدهغهی هاتوچۆ تێپەڕ دەبێت و سەرجەم هێزە تەناهییەكان و ئەوانەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن خراونەتە ئامادەباشییەوە.