رێبوار بابكەیی: ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەی نزیكەی 600 قوتابی لە دەرەوەی هەرێم كراوە

:: PM:08:30:05/04/2020 ‌

ڤایرۆسی كۆرۆنا یاخەی تەواوی دنیای گرتووە و كاری كردووەتە سەر تەواوی بوار و كایەكانی ژیان، لەوانەیش لایەنی دیپلۆماسی و پێوەندییەكان و هاتنەوەی قوتابی و گەشتیار و رەوەندی كوردی لە دەرەوەی هەرێم، سەرۆكی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە و رەوەندی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان تیشك دەخاتە سەر كاریگەرییەكانی كۆرۆنا لەو بارەوە.
حكوومەتی هەرێم ئەركی گەڕانەوەی 300 قوتابی لە قوبڕسەوە گرتە ئەستۆ
د رێبوار بابكەیی، ئەمڕۆ یەكشەم بە "وشە"ی راگەیاند، بە شێوەیەكی گشتی لە ماوەی 10-15 رۆژی رابردوو، وەك سەرۆكی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە و دۆسیەی رەوەندی كورد لە پەرلەمان، دوای ئەوەی دەیان قوتابی لە چەند وڵاتێكی وەك توركیا و قوبڕس گیریان خواردبوو، ئەوان پێوەندیان كرد و خواستی گەڕانەوەیان بۆ كوردستان پێشان دا، چونكە پێیان وابوو مەترسی كۆرۆنا لەو شوێنانە زیاترە.

زیاتر گوتی،  لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار لە وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە لەسەر هیڵ بووین و توانیمان نزیكەی 600 قوتابی رێگەیان بۆ ئاسان بكەین و رێگەپێدانمان بۆ گەڕانەوە بۆ وەرگرتن و ئێستە ئەوان لە كەرەنتینن، خۆشبەختانەیش سەرۆكی حكوومەتی هەرێم فەرمانی كرد 300 قوتابی لە قوبڕسەوە لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێم بگەڕێندرێنەوە.

بابكەیی ئاماژەی كرد، رۆژانە قوتابیان و خەڵك لە هیندستان و میسڕ، تەلەفۆن دەكەن كە بە مەبەستی خوێندن یان چارەسەری یان بازرگانی سەردانی ئەو وڵاتانەیان كردووە، ئەوان داوای هاتنەوە دەكەن، راستییەكەی كێشەیەك هەیە، ئەویش شوێن نییە بۆ كەرەنتینەكردن، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای دهۆك، چونكە پێویستە هەر كەسێك یان گرووپێك كە بگەڕێتەوە، شوێنیان هەبێت بۆ كەرەنتینەكردنیان.
هەر كەسێك كەرەنتین دەكرێت بە بڕی هەزار دۆلار لەسەر حكوومەت دەكەوێت
سەرۆكی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمان روونی كردەوە، هەر كەسێك كە كەرەنتین دەكرێت، بە بڕی هەزار دۆلار لەسەر حكوومەت دەكەوێت، بەڵام حكوومەتی هەرێم هەمیشە لە خەمی هاووڵاتییانی خۆیدا بووە، چۆن ئەوان لە ناوخۆی هەرێم دەپارێزێت، لە دەرەوەیش هەر وایە، بەڵام كێشەكە شوێن نییە بۆ كەرەنتین، چونكە لە دهۆك شوێن و هوتێل نەماوە كە نەگیرابێت، لەگەڵ ئەوەیش ئێمە بەردەوام لەسەر هیڵین لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار و خەڵكی خۆمان لە هەر شوێنێك داوای هاتنەوە بكات، رێگەچارەیان بۆ بدۆزینەوە بۆ گەڕانەوەیان.

ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، چۆن كۆرۆنا كاریگەری كردووەتە سەر تەندروستی و ئابووری و مرۆڤایەتی بە گشتی، بە هەمان شێوە كاری كردووەتە سەر بزاوی دیپلۆماسی و هاتن و چوونی شاندەكان، بەتایبەتی لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق، لەو سۆنگەوە وەك لیژنەكەمان ئەو پەتایە كاری كردووەتە سەر كاری ئێمەیش.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل