41 تووشبووی نوێ‌ لە هەرێمی كوردستان تۆمار كران

:: PM:12:24:06/04/2020 ‌
وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تووشبوونی 41 کەسی تری لە چەند گەڕەكێكی هەولێر ڕاگەیاند.

گەڕان بەدوای گومان لێكراوان، 41 تووشبووی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە شاری هەولێر دەستنیشان كران ‌
ئەمڕۆ دووشەم شەشی نیسان، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، 41 تووشبووی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە شاری هەولێر دەستنیشان كران.

ڕوون كراوەتەوە كە  تووشبووەکان 17 ژن و 15 پیاو و نۆ منداڵن كە بە هەموو تەمەنە جیاوازەكان، دوو لەوان لە سۆران و سێ لە شارەدێی سیدەكان و یەك لە گوندی هەرەجەی بچووكن.

 ئەوانی تر لە ناو گەڕەكەكانی (كانی گەلی، ئاڵتوون سیتی، شێخ ئەحمەد، كارێزان، زانكۆ، چنار، مامۆستایان، 121 ـی گولان، ژیان، زیلان سیتی)ی شاری هەولێرن كە زۆربەیان بەركەوتەی تووشبووەكانی هەردوو پرسەی ماتەمینی گەڕەكی كارێزانی شاری هەولێرن وە دووانیشیان پێشینەی گەشتیان هەبووە. 




وشە - رامیار جەواد