عێراق.. كۆرۆنا ئامادەسازییەكانی سەرژمێری دانیشتوانی پەك خست

:: PM:10:35:07/04/2020 ‌

لەوكاتەی بڕیار بوو لە چواریەكی كۆتایی ئەمساڵ، پرۆسەیەكی فرەوان و سەرانسەری سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بێتە سازكردن، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بووەتە هۆی وەستاندنی تەواوی ئامادەسازییەكانی ئەو پرۆسەیە، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دوا زانیاری لەوبارەوە ئاشكرا دەكات.
دوای مانگی رەمەزان سەرژمێرییەكی ئەزموونی بەڕێوە دەچوو
عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەبارەی پرۆسەی سەرژمێری گشتی و ئەگەری ئەنجامدانی بە "وشە"ی راگەیاند، وەك وەزارەت تا ئێستە بڕیاری وەستاندنی ئامادەسازییەكان یان دواخستنمان نەداوە، دۆخی عێراق و هەموو دنیا لە چاوەڕوانی كۆتاهاتنی ئەو پەتایەیە، كە سەرجەم چالاكی و بەرنامەكانی ژیان و حكوومەتەكانی وەستاندووە.

زیاتر گوتی، تا ئێستە هیچ بڕیارێك نەدراوە، بێگومان ئەگەر دۆخەكە درێژ بكێشێت، كار دەكاتە سەر بەرنامەی ئێمە و بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسە لە كاتی بۆی دیاریكراوە، ئێمە بەنیاز بووین دوای مانگی رەمەزان، سەرژمێرییەكی ئەزموونی بكەین و دوای ئەوەیش ژمارەدانان و سنووردانان، ئەوانەیش هەنگاوی پێش سەرژمێریەكەن، بۆیە ئەگەر لەوانە دواكەوتین، ئەوكات دەستەی باڵای سەرژمێری بڕیاری خۆی دەدات، ئێمە وا كار دەكەین كە پرۆسەكە وەك خۆی بەڕێوە دەچێت.

هنداوی روونی كردەوە، ئەو دوو تەنگژەی هەیە، بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و ئابووری، ئەگەر بەردەوام بن، ئەوكات شتی تری گرنگتر هەیە كە تەندروستی مرۆڤە، لە رووی ئابوورییەوە پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ماوەی كەمی داهاتوو دەكرێت، لە رووی تەندروستیشەوە، پێشبینی دەكرێت تا مانگێكی تر ئەو تەنگژە نەمێنێت، ئەوكات دۆخەكە و بڕیاری لایەنی باڵا لەبارەی پرۆسەكە دەدرێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل