زانكۆیەكی هەولێر مادەیەك بۆ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرهەم دێنێ

:: PM:04:08:14/04/2020 ‌
زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر بەرهەمێهێنانی مادەیەكی ڕاگەیاند كە لە پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تاقیگەكان بەكار دێت.

ئەمڕۆ سێشەم 14ـی نیسان، كاوە شێروانی سەرۆكی زانکۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە تاقیگەكانی پەیمانگەی پزیشكیی هەولێری سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیك، دوای هەوڵ و ماندووبوونی بەردەوام، بەرهەمهێنانی مادەیەك ڕادەگەیەنین كە لە پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكار دێت.

لەكاتی پەسەندكردنی مادەكە، بەبڕی زیاتر مادەكە بەرهەم بهێنین
سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر گوتی، ئەمڕۆ مادەكە ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر كرا بەمەبەستی پەسەندكردنی لە كوالیتی كۆنترۆڵ.

باسی لەوەش كرد، وەك زانكۆكەمان ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە لەكاتی پەسەندكردنی مادەكە، بەبڕی زیاتر مادەكە بەرهەم بهێنین بۆ هاوكاریكردنی حكوومەت و دەزگا تەندروستییەكان.

ئەوەشی ڕوون كردەوە، ئێستە 100 دانە بەرهەم هێنراوە و ناوی مادەكەش VTMـە.

بەرهەمهێنانی ئەو مادەیە بۆ ئێستە دەبێتە هاوكارییەكی گرنگ بۆ كەرتی تەندروستی، چونكە بەشێكی زۆری پێداویستییەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە وڵاتانی تر دێتە كڕین.



وشە - رامیار جەواد