لامەرکەزییەکەی یەکێتی بۆ مووزایەدەی سیاسیە

:: PM:09:10:01/05/2020 ‌
بەرپرسان حزبی و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاو بۆ چوونی خۆیان لە بارەی پرسی لامەرکەزیەت و هەوڵەکانی یەکێتی لەو پێناوە دەخەنەڕوو.

نازانن داواکارییەکانی پشتی ئەم باسە چین
زیاد کاکە ڕەزا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ هەینی یه‌كی ئایار، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەموومان دەزانین ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەپێی یاسای ژمارە سێی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەرقەرارن، ئەو یاسایەش لە پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر دراوە کە پارتی تیایا زۆرینە بووە، هەروەک سەرۆکی هەرێمیش کەلە پارتی بووە واژووی لەسەر کردووە.

زیاتر گوتى، ئەمان ئێسته‌ لیژنەیەکیان لە ئەنجوومەن پێکهێناوە بۆ پێدانی دەسەڵاتی زیاتری لامەرکەزی، یاساکەیش دەچێتە ئەنجوومەنی وەزیران و دواتر دەڕواتە پەرلەمان کە فراکسیۆنی پارتی زۆرینەیە و دەبێت لەوێ دەنگی لەسەر بدرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕوونی کردەوە، وەک فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پاڵپشتی لە سیستمی لامەرکەزی دەکات و پشتیوانی دەکات، بەڵام نازانین داواکارییەکانی پشتی ئەم باسە چین ئێسته‌.

زیاد کاکە ڕەزا، ئاماژەی بەوەدا، ئێسته‌ باسوخواسی دوو ئیدارەیی زۆر گەرمە، بەڵام دوو ئیدارەیی کوشندەیە و بە واتای لەتکردنی کوردستان دێت.

عەبدوڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بوونی سیستمی لامەرکەزی شتێکی باشە، بەڵام بابەتی دوو ئیدارەیی زۆر قێزەونە و ناکرێت هەر بیریشی لێبکرێتەوە، چونکە ناکرێت دوای ئەو هەموو ساڵە لە حوکمڕانی جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ دوو ئیدارەیی.

کەریم عەلی، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ورووژاندنی بابەتی لامەرکەزی ئێسته‌ بە موزادەیەکی سیاسی دەبینم زیاتر، چونکە هێشتا داهاتەکانی سنوورەکە شەفاف نین و نازانین چەندە و بۆ ئەنجوومەنیش ڕوون نەبووەتەوە.

زیاتر گوتى، "یەکێتی نیشتمانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 30 پۆستی لە دەرەوەی ئەنجوومەن خستووەتەسەر کار، لەبەڕێوەبەری گشتی و بریکار و بەڕێوەبەری شاره‌دێ، کەی توانی لەوانەدا شەفاف بێت، ئەوکات نییەتەکەیمان بۆ یەکلا دەبێتەوە کە ڕژدە لە لامەرکەزیەت.

چەند ڕۆژێکە میدیای یەکێتی لە سلێمانی پرسی لامەرکەزیەتی هێناوەتە بەرباس، ئەمەیش ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە کە یەکێتی دەیەوێت پرسی دوو ئیدارەیی بخاتە بەرباس لە پاڵ بابەتی لامەرکەزیەت.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا


وشە - محەمەد میران