مرۆڤ بەهۆی تەکنەلۆجیاوە ئازاد نییە

:: PM:09:55:02/05/2020 ‌

هەموو ئەوەی ڕۆژانە دەیكەی، زۆربەی لەلایەن گووگڵەوە تۆمار دەكرێ و لای خۆی بۆكسێكی بەناوی تۆوە كردووەتەوە و پڕی كردووە لە زانیارییەكانت. هەموو ئەو زانیارییانەی لای خۆت هەر نەماون یان بیریشت نەماوە، ئەو لەبیرێتی و هیچ شتێكیش نییە بەلایەوە گرنگ نەبێ. 
گووگڵ پێشەنگە لە چاودێریی بەکارهێنەران
ڕۆژانە لە وێب بۆ هەرشتێك بگەڕێی، بۆ هەر شوێنێك بگەڕێی، هەر وێنەیەك بگری، هەر تەلەفۆنێك بكەی، هەر نامەیەك بنێری، هەر نامەیەكت بۆ بێت. تەنانەت ئەو كاتەی كامێرات كردووەتەوە و وێنەشت نەگرتووە، لای ئەو گیراوە، ئەو كاتەی ویستووتە سێرچی شتێك بكەی بەڵام سڕیوتەتەوە، یان شتێكت نووسیوە، پێش بڵاوكردنەوەی یان ناردنی سڕیوتەتەوە، هیچی لای ئەو نەسڕاوەتەوە.

زۆر كەس دەپرسێ، ئایا ئەوە شتێكی مەترسیدار نییە؟ گۆڤاری "وایرد"ی ئەمەریكی لەسەر هەموو ئەو ڕێگەیانەی گووگڵ دەیگرێتە بەر بۆ ئەوەی چاودێریت بكات، ڕاپۆرتێكی ئامادە كردووە، لێرە گرنترین خاڵەكانی ناوەڕۆكی ئەو ڕاپۆرتە دەخەینە ڕوو.

ڕەنگە ئەوە زانیارییەكی نوێ نەبێ و هەموومان بزانین كە گووگڵ چاودێریمان دەكات، بەڵام ئایا هەموومان دەزانین تا چ ڕادەیەكە و بە چ شێوازێك دەیكات؟ بۆ نموونە تەنیا مۆبایلەكەت لەگەڵ خۆت بردووە و چوویت بۆ ماركێتێك، ئەو دەزانێ بۆ كوێ چووی، خۆ ئەگەر بە كاش پارەت نەدابێ، بە كارت بێت، ئەوە دەشزانێ چیت كڕیوە. خاڵێكی بێزاركەری ئەم بابەتە لەوەدایە، هەموو ئەو زانیارییانە بۆ خۆیەتی، هیچی بۆ تۆ نین و ناتوانی وەریان بگریتەوە، یان دەستكارییان بكەی، مەگەر ئەو زانیارییانەی خۆی مۆڵەتی پێ داوی.

دوو خاڵ لەسەر زانیارییەكانت كە تۆ نایزانی ئەوەیە، یەكەم: قەبارەی هەموو ئەو زانیارییانە چەندە و تا چ ڕادەیەكە؟ دووەم: گووگڵ چییان لێ دەكات؟ لە ڕێی ئەم ڕاپۆرتەوە زۆر نهێنیت بۆ دەردەكەوێ.

ئەی باشە قەت پرسیوتە؟ بۆچی هەر دەچیتە سەر فەیسبووك، یان گووگڵ، ئینستاگرام، ڕیكلامی نەشتەرگەریی قژت دەداتێ، چۆن زانیان تۆ كەچەڵی؟ یان یەكسەر ماركەی ماكیاژ و دەرمانی گەورەكردنی سنگت دەداتێ، چۆن زانی تۆ ئەوانەت دەوێ؟

دوای ئەم دێڕانەی سەرەوە، ڕەنگە بڵێی ئیتر هیچ شتێكی گووگڵ بەكار ناهێنم، هەر ئەپڵیكەشن و دروستكراوێكی ئەوان هەبێ، لای دەبەی. ڕەنگە بشڵێی، من متمانەم بە گووگڵە و كێشەم نییە لە تۆماركردنی زانیارییەكانم و دەزانم بۆ خۆیان بۆ كاری خراپ بەكاری ناهێنن و لەناو ئەم هەموو مرۆڤە، چ ئیشێكیان بە منە؟ ئەم ڕاپۆرتە فێرت دەكات، نە واز لە گووگڵ بهێنی، نە بە تەواویش متمانەی پێ بكەی. ئەو ڕێگەیانەت پیشان دەدات كە لە زۆرترین چاودێریدا خۆت ڕزگار بكەی.

یەكەم: باشترین ڕێگە بۆ ئەوەی بزانی ڕێژەی كۆنتڕۆڵكردنی جووڵەكانی تۆ لای گووگڵ چەندە، لەناو لاپەڕەی گووگڵ بچۆرە سەر بەشی "Activity Controls" لەوێ ئەگەر ئەكاونتت هەبێ، یەكسەر دەچیتە ناوییەوە. دەبینی گووگڵ تەواوی ئەو چاودێرییانەی دەتكات، خستوویەتییە ناو چەند خاڵێكەوە، تۆ دەتوانی یەكیەك بە كلیكێك ئەوەی دەتەوێ نەكرێ لای ببەی. لەوێ وێبسایتەكانی كردووتنەوە، ئەپەكانی بەكارت هێناون، مێژووی هەموو جووڵەكانت، بەكارهێنانی یوتیوب و هەموی لەبەردەست و كامەت بوێ كە تۆمار نەكرێ، دەتوانی لای ببەی. ئەگەر بتەوێ هەمووی لا ببەیت و گووگڵ لە هیچ شتێكدا چاودێریت نەكات، كلیك لەسەر " delete activity" بكە و دواتر كلیل لەسەر all time بكە بۆ ئەوەی هەرگیز هیچ شتێكت لەسەر تۆمار نەكات و ئەوەی تا ئێستەیش كراوە بیسڕێتەوە. هەر لەوێشدا دەتوانی بچیتە سەر بەشی لۆكێشن هیستۆری و ئەوانی تر بۆ ئەوەی یەك بە یەك ئیشیان لەسەر بكەی.

لێرە پێویست ناكات تەواوی ئەو بەشانە ڕوون بكەینەوە و خۆت كاتێك كلیكی دەكەیت، هەموویت بۆ دەردەكەوێ.

دووەم: پێویستە ئەوەت لا ڕوون بێت، تەواوی ئەم زانیارییانەی كە بەدەست خۆتە دەتوانی نەهێڵی چاودێری بكرێی و هەموو كۆنتڕۆڵەكە لا ببەیت، بۆ ئەوەیە ڕێگر بیت لەوەی بەهۆی زانیارییەكانتەوە گووگڵ بازرگانی بە ئەكاونتەكەتەوە بكات. بۆ نموونە كۆمپانیایەك ڕیكڵامی شامپۆی لای گووگڵ كردووە، تۆیش چەند جارێك سێرچت بۆ شامپۆ كردووە، گووگڵ دێت دەتخاتە ناو لیستێكەوە بەناوی شامپۆ، ئیتر لە یوتیوب، لە گەڕان، ئیمەیل، سۆشیاڵ میدیا و هەموو هۆكارەكانی تر، ئەو شامپۆیەت دەداتێ. كاتێك تۆ ئەو بژاردانەی سەرەوە بەكار دەهێنی و نایەڵی چاودێری بكرێی، گووگڵ لە هەموو ئەو بانگەشە و بەكارهێنانە ڕزگارت دەكات.

سێ: پێویستە ئەوە بزانی، ئەو بژاردانەی لە خاڵی یەكەمدا باسمان كرد، بەشێكە لە فۆڕمی گرێبەستی تۆ لەگەڵ گووگڵ و بەدەستی خۆت دەتوانی خاڵەكان پڕ بكەیتەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێ، گووگڵ خۆی تۆماری ناكات، بەڵكوو تەنیا لە ڕووی بازرگانییەوە ئەوەی تۆماری دەكات، بەكاری ناهێنێ. تۆ بتەوێ یان نەتەوێ، مادام گووگڵ كرووم بەكار دەهێنی، یان سێرچی گووگڵ دەكەی، یان مۆبایلەكەت ئەندرۆیدە، یان جیمەیلت هەیە، یان هەر شێوەیەكی تر، ئەو چاودێریت دەكات. ئەم چاودێرییە، تەنیا لای خۆی دەپارێزێ و نایداتە كەس. ئەم نایداتە كەسە، لەلایەن چەند میدیایەكی ئەمەریكییەوە خراوەتە ژێر گومانەوە و ئەوان پێیان وایە، زۆر بە ئاسانی گووگڵ، فەیسبووك، ئەپڵ و مایكرۆسۆفت، هەموو زانیارییەكانیان دەدەن بە سی ئای ئەی.



وشە - كوردۆ شابان