خۆپێشاندانەكانی عێراق.. كازمی هەڵەكانی عەبدولمەهدی دووبارە ناكاتەوە

:: PM:08:52:10/05/2020 ‌

ماوەیەكە خۆپێشاندەران بانگەشە بۆ پەرەسەندنی خۆپێشاندانەكانیان دەكەن، ئەوان 10ی ئەم مانگەیان بۆ ئەو كارەیان دیاری كرد، شەوی رابردوو خۆپێشاندەرانی عێراق لە چەند ناوچەیەك دەستیان بە جموجۆڵێكی فرەوان كردەوە، ئەو خۆپێشاندانانەی لە تشرینی یەكەمی رابردوو دەستیان پێ كرد و دوای چەند مانگێك بەهۆی رێوشوێنەكانی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا سستیان تێ كەوت، بەڵام بە گوتەی شارەزایان، حكوومەتی مستەفا كازمی هەمان هەڵەكانی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی، دووبارە ناكاتەوە.
خۆپێشاندەران متمانەیان بە پەرلەمان نەبوو حكوومەتی نوێ تێپەڕٍ بكات
خۆپێشاندانەكانی عێراق لە سەرەتای تشرینی یەكەمی 2019 سەری هەڵدا، دواتر لە 25ی تشرینی یەكەم فرەوانتر دەستیان پێ كردەوە و لە تشرینی دووەم و دوای كەوتنەوەی ژمارەیەكی زۆری قوربانی لە ریزی خۆپێشاندەران، عادل عەبدولمەهدی و حكوومەتەكەیان ناچاری دەستلەكاركێشانەوە كرد، لەو كاتەی خۆپێشاندەران زیاتر لە 600 كوژراو و 24 هەزار بریندار و پێنج هەزار پەككەوتەیان لێ كەوتەوە، جیا لە گرتن و رفاندنی دەیانیان، دواتر بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێوشوێنەكانی قەدەغەی كۆبوونەوە و هاتوچۆ، ناڕەزایەتییەكان سستیان تێكەوت، ئەگەرچی بەردەوام بوون.

ئەحمەد خزر، شرۆڤەكاری سیاسی لەوبارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، خۆپێشاندەران پێش پێكهێنانی حكوومەتی مستەفا كازمی، ئەو رۆژەیان بۆ پەرەسەندن و دەستكردنەوە بۆ خۆپێشاندانەكان دیاری كردبوو، ئەوكات وا دەزانرا كە پەرلەمان رژد نییە لە دەنگدان بەو حكوومەتە و دەستی دەستی دەكەن لەپێنان هێشتنەوەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی، بۆیە بانگەشە بۆ خۆپێشاندان لە 10ی ئایار، بۆ نەبوونی متمانەی شەقامی راپەڕیو دەگەڕێتەوە بەوەی پەرلەمان حكوومەتی نوێ تێپەڕ دەكات، جیا لە دووپاتكردنەوەی داواكارییەكانی پێشوویان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و دامەزراندنی كۆمسیۆنێك و یاسایەكی نوێی هەڵبژاردن، كە بەراستی بەرجەستەی گەلی عێراق بكات.

بەپێی سەرچاوە تەناهییەكان شەوی رابردوو خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر گەیشتنە دووەم بەربەستی سەر پردی كۆماری لە بەغدا، ئەوان هەوڵی پەڕینەوەیان بەرەو ناوچەی سەوزی بەغدا دا، بەڵام هێزە تەناهییەكان رێگەیان پێ نەدان و بە بەكارهێنانی بۆمبی دەنگی ئەوانیان دوورخستەوە و بەوهۆیەوە 10 خۆپێشاندەر بریندار بوون، لەوكاتەی خۆپێشاندەران لە پارێزگای واست لەكاتی دەستكردنەوە بە خۆپێشاندانەكانیان بەیاننامەیەكیان خوێندەوە و داوای رووخاندنی سیستمی سیاسی وڵاتیان كرد و رایان گەیاند كە دەستیان بەسەر حكوومەتی خۆجێیی پارێزگاكەدا گرتووە و رێگریان لە پەرلەمانتارانی سەر بەو پارێزگایە كرد بۆ گەڕانەوە.

زیاتر گوتی، ئەوانە لەپاڵ داواكاری تر بە لێپرسینەوە لەگەڵ گەندەڵكاران و بكوژانی خۆپێشاندەران و قەرەبووكردنەوەیان، بۆیە ئەو داواكاریانە نوێ نین، ئەو پەرەسەندنە بۆ ناچاركردنی پەرلەمان بووە بۆ پەسندكردنی حكوومەتی نوێ و ئەوەیش رووی دا، هەروەها بە پارتە سیاسییەكانیان گوت كە دەستوەردان لە بڕیارەكانی پێوەست بە شەقام بەسە، باڵادەستی و زاڵبوونی چەند لایەنێكی چەكدار بەسەر خواست و بڕیاری حكوومەت و سەروەری عێراق بەسە.

ئەو شرۆڤەكارە روونی كردەوە، هەندێك لەو رەفتارانەی روو دەدات وەك سووتاندنی موڵكی تایبەت و گشتی قبووڵ نەكراوە، لەلایەن زۆرینە و لەوانەیش هێڵی گشتیی خۆپێشاندەران، لەوكاتەی بە دوور نازانرێت تیمێك لەوانەی دزیان كردووەتە ناو خۆپێشاندانەكان، كە سەر بە چەند لایەنێكی سیاسی بن، یان پێوەستی ئەجیندای دەرەكی بن و دەیانەوێ وێنەی خۆپێشاندانەكان ناشیرین بكەن، جیا لەوەی چەند هێزێكی سیاسی بیانەوێ خۆپێشاندانەكان بكەن بە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییە سیاسی و ركابەرییەكانیان، كە چەند لایەنێكی سیاسی هەن نەیاریان لەگەڵ ئەوانیتر هەیە و پێشتریش سوودیان لە خۆپێشاندانەكان بینی بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو ناكۆكیانەیان لە رێگەی سووتاندنی بارەگاكان، بۆیە ئەو دوور نییە، بەڵام خەڵكێكی زۆر هۆشیارە و ئەوان بەیاننامەیان دەركرد و رایان گەیاند كە ئەو كارانە هی كەسانێكی دزەكردوون و نازانن چۆن هاتوونەتە ناو خۆپێشاندانەكان و ئەو كارانەیان بە شەو و بە دەمامكەوە ئەنجام داوە، ئەوەیش دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو كارانە هیچ پێوەندیان بە خۆپێشاندەرانی ئاشتیخوازەوە نییە.

"لە رێگەی بەدواداچوون بۆ هەنگاوەكانی مستەفا كازمی و حكوومەتەكە، كە تەنیا چەند رۆژێك تەمەنیەتی، لە رێگەی بەرنامە حكوومەتییەكەیەوە، پێشبینی دەكەین كە مامەڵەكردنی لەگەڵ خۆپێشاندانەكان جیاواز بێت لەوەی پێشوو حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی مامەڵەی لەگەڵ خۆپێشاندانەكان كرد، پێشبینی ناكەین مامەڵەیەكی تەناهیانە و پۆلیسیانە و توند لە گرتن و بەكارهێنانی هێزی لەرادەبەردە هەبێت، بەڵكو هەوڵی هێوركردنەوە و كردنەوەی كەناڵی گفتوگۆ و نەگەیشتن بۆ خاڵی نەگەڕانەوە دەدات "، خزر وای گوت.
    
ئەمڕۆ هاوپەیمانی "سائیروون"، سەر بە موقتەدا سەدر چەند لایەنێكی سیاسی بە وەستان لەپشت ئەو پەرەسەندنەی خۆپێشاندانەكان تۆمەتبار كرد، عەلی لامی، پەرلەمانتاری ئەو هاوپەیمانیەتییە گوتی، چەند لایەنێكی سیاسی بەرهەڵستكار بۆ حكوومەتی مستەفا كازمی لەپشت ئاڵۆزكردنی دۆخەكە و شەقامن، ئەوان توندوتیژی و تێكدان ئەنجام دەدەن و دەیانەوێ نێوان كازمی و شەقام ئاڵۆز بكەن، بەتایبەتی دوای ئەوەی چەند بڕیارێكی لەبەرژەوەندی خۆپێشاندەران دا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل