دوای جەژن خوێندن لە زانكۆكان دەست پێ‌ دەكاتەوە

:: PM:12:14:13/05/2020 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشكرای دەكات، لە دوای 30ـی ئایار خوێندن  لە زانكۆكان دەست پێ‌ دەكاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی ئایار، عەباس ئەكرەم گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەگەر دۆخی تەندروستی بەم شێوەیەی ئێستە هەیە بەردەوام بێت، ئەوا دوای 30ـی ئایار خوێندن لەناو زانكۆكان دەست پێ‌ دەكاتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی، ئێستە لە زانكۆكان خوێندنی ئەلیكترۆنی پاڵپشتیكار دەستی پێ كردووە و پرۆسەكە بەردەوامە و قوتابیان بە باشی پێشوازییان لێ كردووە.

لە دوای 30ی ئەم مانگە دەست پێ دەكەنەوە
باسی لەوەش كرد، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا، پرۆسەی خوێندنی ناو كەمپەكان لە دوای 30ی ئەم مانگە دەست پێ دەكەنەوە، ئەوەیش بە بەردەوامی ئەو دۆخە تەندروستییەی ئێستە هەیە.

"بەپێی ئەو خشتەیەی  بۆ قەرەبووكردنەوەی خوێندنی ئەمساڵ دیاری كراوە، دەبێت سەرجەم زانكۆ و پەیمانگەكان تا مانگی ئەیلوول خوێندن تەواو بكەن". عەباس وای گوت.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، ماوەی دوو مانگە پرۆسەی خوێندن وەستاوە، ئەوەیش وایكردووە پشت بەخوێندنی ئۆنلاین ببەسترێت.







وشە - رامیار جەواد