ئەنجوومەنی پارێزگا: یەكێتی داهاتی سلێمانی دەشارێتەوە

:: PM:08:30:13/05/2020 ‌
ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رای دەگەیەنن، چەند جارێك داوایان لە حكوومەتی خۆجێیی سلێمانی كردووە، داهاتی سنووری پارێزگاكەیان پێ بڵێن، بەڵام تا ئێستە هیچیان دەست نەكەوتووە و نازانن داهاتەكە چەندە.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ی ئایار، سێوە خدر، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە داتایەكی وردیان لە بەردەستدا نییە بۆ ئەوەی بزانن داهاتی فەرمانگە و گومرك و خاڵە سنوورییەكانی سلێمانی چەندەیە.

روونیشی كردەوە، زۆر جار ئەو داهاتەی رادەگەندرێت، ئەو داهاتە نییە كە هەیە و كۆكراوەتەوە، بۆیە دەبێت وردتر لەو پرسە بڕوانین و بەدواداچوونی بۆ بكەین.

بەهۆی ململانێی حزبییەوە نازانرێت داهاتەكان چۆن و لە چیدا خەرج دەكرێن
لای خۆیەوە زیاد كاكە رەزا، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئێمە لیژنەمان ناردووە بۆ مەرزەكان و شوێنەكانی تر، داهاتیان لێ شاردووینەتەوە، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نازانێت داهاتی سنوورەكەی چەندە

زیاد كاكە رەزا ئەوەشی نەشاردەوە كە بەهۆی ململانێی حزبییەوە نازانرێت داهاتەكان چۆن و لە چیدا خەرج دەكرێن و چەندینش داهات هەیە.

ئەمە لەكاتێكدایە ژمارەیەك پەرلەمانتاری یەكێتی بەردەوام رەخنە لە حكوومەتی هەرێم دەگرن و پیێیان وایە داهاتەكان روون نین، لەكاتێكدا حزبەكەیان داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی لە دانیشتوانەكەی دەشارێتەوە و ژمارەی راستەقینەی داهاتەكان دیار نین.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا


وشە - سه‌رخێڵ هاشم