شارەزا و مامۆستایانی زانكۆ: بەشدارینەكردن لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان لە بەرژەوەندی كورد نییە

:: PM:09:36:16/05/2020 ‌

شارەزا و مامۆستایانی زانكۆ باس لەوە دەكەن، لەو دۆخەی ئێستە بڕیاری لایەنێك بۆ بەشدارینەكردنیان لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، لە بەرژەوەندی  هاووڵاتییان و هەرێمی كوردستان نییە، بۆیە پێویستە هەمووان پەرلەمانیان قبووڵ بێت، نەك تەنیا ئەو كاتەی كە خۆیان تیایدا زۆرینە بن.
هەر جۆرە لێكترازانێك كاریگەری خراپی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت
 دڵشاد نامق، مامۆستای زانكۆی بە "وشە"ی راگەیاند، كارایی پەرلەمان بەندە بەوەی چەند بە ئەركەكانی هەڵبستێ، حزبەكانیش هەریەكەیان بە قەبارەی خۆیان بەرپرسن لە ئاست پەرلەمان و كارەكانیدا، بۆیە گرنگە هەست بەم بەرپرسیاریەتییەی خۆیان بكەن، روونی كردەوە، ململانێی راستەقینەی سیاسی ئەوەیە لەناو پەرلەمان و لە ڕێگەی نوێنەرەكانەوە بكرێت، نەوەك نوێنەرەكان شەڕی خۆیان بێننەوە ناو جەماوەری حزبەكانەوە.

زیاتر گوتی، ئەگەر پەرلەمانتاران نەتوانن ببنە جێگەی متمانەی یەكتری و كاری تیم و هاوبەش بكەن، مانای وایە نەیانتوانیوە نوێنەرایەتییەكی راستەقینە بكەن، ئیتر خەڵك تاوانی چییە بكەوێتە ناسەقامگیرییەوە لە ئەنجامی كەمتوانایی ئەوان.

ئەو مامۆستایە روونی كردەوە، گرنگە پەرلەمان وەك چەتری پێكەوەكاركردن تەماشا بكرێت، وەك ناوەندی كۆكردنەوەی جیاوازییەكان و فۆڕمەلەكردنی داخوازییەكان، نابێ حزبەكان تەنیا ئەوكاتە پەرلەمانیان قبووڵبێت كە خۆیان زۆرینە بن، بۆیە ئەگەر قەرارە پەرلەمان سەرچاوەی شەرعیەت بێت، دەبێت بۆ هەموان سەرچاوەی شەرعیەت بێت، نەك بە بەژاركردن لەلایەن حزبەكانەوە مامەڵەی پێوە بكرێت بەبێ جیاوازی.


لای خۆیەوە، شاخەوان رەئووف بەگ، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند، بەلامانەوە گرنگە دۆخی پەرلەمانی كوردستان ئاسایی بێتەوە و هەموو لایەنەكان بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن.

زیاتر گوتی، ئەو دۆخەی ئێستە دروست بووە، بەشی زۆری فراكسیۆنەكانی نیگەران كردووە، بەڵام لە چارەسەركردندایە و ئەوە حاڵەتێكە و تێدەپەڕێت، ئەو دۆخەی ئێستە هەیە ئاسایی بێتەوە و دەمانەوێت تێی پەڕێنین.

عومەر رەنگێنەیی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بە دڵنیاییەوە ئێستە هەر جۆرە لێكترازانێك كاریگەری خراپی لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییان دەبێت.

زیاتر گوتی، ئەو بڕیارەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ بەشدارینەكردن لە كۆبوونەوەی پەرلەمان، لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان نییە و دەبێت دۆخەكە باش بكرێتەوە نەك زیاتر خراپ و ئاڵۆز بێت، دەبێت هەمووان لەو دۆخەی ئێستەی كوردستان پێكەوە یەك بن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل