"یەكێك لە پەیامەكانی سەرۆكی حكوومەت بنیاتنانی ژێرخانێكی بەهێزی ئابوورییە بۆ كوردستان"

:: PM:06:08:23/05/2020 ‌

سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان رای دەگەیەنێت، وتارەكە سەرۆكی حكوومەت، چەندان پەیامی گرنگی تێدابوو، گرنگترینیان بەردەوامبوونە لەو پڕۆژە چاكسازییەی كە دەستی پێ كردووە.
ئێستە و داهاتووی هاووڵاتییان لە مەترسی تەنگژەی دارایی دوور دەخاتەوە
ئەمڕۆ شەموو 23ی ئایار، نەوزاد شێخ كامل، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، لە پەیامەكەی سەرۆكی حكوومەت، چەندان پرسی گرنگی لەخۆ گرتبوو یەكێك لەوانە، لەگەڵ ئەو هەموو بەربەستانەی بۆ یاسای چاكسازی دانراوە، دووپاتی لە جێبەجێكردنی دەكردەوە.

زیاتر گوتی، كاری رژد دەكەن بۆ هەمەجۆركردنی داهات و سەرچاوەكانی داهات، بە جۆرێك لە داهاتوودا ئەگەر قەیران رووی دا، كاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتییان نەبێت، پەیامێكی تری ئەوە بوو كە بە هەموو توانایەوە لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی كار دەكەن بۆ ئەوەی بگەن بە رێككەوتن و شایستە داراییەكانی هەرێم وەربگرن، هەروەها پێداچوونەوە بە رێكخستنەوەی داهات و كەمكردنەوەی خەرجی دەكەن.

سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان روونی كردەوە، هەروەها كار بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی رێككەوتنە سیاسییەكانی نێوان پارتە بەشداربووەكانی حكوومەت دەكەن، بەتایبەت لە خاڵی جێبەجێكردنی لامەركەزی كارگێڕی لەژێر چاودێری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەك زیان بە قەوارەی هەرێمی كوردستان نەگات.

شێخ كامل دووپاتی كردەوە، یەكێك لە پەیامە گرنگەكانی سەرۆكی حكوومەت ئەوەبوو بیر لە ئایندەی نەوەكان دەكاتەوە و بەشێك لە داهاتی بەدەستهاتوو بۆ ژێرخانی ئابووری دادەنێت، بۆ ئەوەی هەرێم ببێتە خاوەن ژێرخانێك كە ئێستە و ئایندەی هاووڵاتییان لە مەترسی بوونی قەیرانی دارایی دوور بخاتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل