دارایی پەرلەمانی عێراق چۆنیەتی بڕینی مووچەی فەرمانبەران روون دەكاتەوە

:: PM:08:43:27/05/2020 ‌

زۆرینەی وڵاتانی دنیا لەوانەیش عێراق، بە تەنگژەیەكی ئابووری و دارایی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی، تێپەڕ دەبن، دوای ئەوەی حكوومەتی عێراق رای گەیاند كە توانوویەتی بە قەرز مووچەی مانگی ئایار دابین بكات و رەنگە بە ناچاری پەنا بۆ دەستكاریكردنی مووچە ببات، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق روونكردنەوە لەوبارەوە دەدات.
تا ئێستە هیچ بڕینێك لە مووچەی مانگی شەش نییە
ئەحمەد جبووری، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، تەنگژەی دارایی عێراق شتێكی روونە و شاراوە نییە و تەواوی خەڵك بەرپرسیارەتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆ، بۆیە پێویستە بە هاوشانی هەمووان تێپەڕی بكەین، روونی كردەوە، لیژنەی دارایی پەرلەمان رێككەوتوون بەوەی كەمكردنەوەی مووچە پلە باڵاكان بگرێتەوە، واتە لە بەڕێوەبەری گشتی بەسەرەوە، هەرچی فەرمانبەرانی پلە ئاساییەكانن، دەبینە پارێزەر بۆیان بۆ ئەوەی دەستكاری مووچەیان نەكرێت.

جبووری دووپاتی كردەوە، مووچەی مانگەكانی چوار و پێنج دابەش كراون، ئامادەسازی بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی شەش دەكرێت، هاوكات دەوڵەت توانای خۆسازدانی هەیە لە رێگەی باج و و گومرگ و قەرزكردنی ناوخۆیی و دەرەكییەوە.

"تا ئێستە هیچ بڕینێك لە مووچەی مانگی شەش نییە، ئەو قسانەیشی لەبارەی پاشەكەوتی مووچە دەكرێت، راست نییە، بۆیە كار لەسەر ئەوە دەكەین بەرەو ئەو بژارەیە نەچین، چونكە تا ئێستە نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستەی تاوتوێی پاشەكەوتكردنی مووچە بكەین"، جبووری روونی كردەوە.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل