"چاكسازی سەركەوتوو دەبێت و بە ئامانجی خۆی دەگات"

:: PM:10:41:28/05/2020 ‌

لەگەڵ هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی چاكسازی، خیانەتكار و نۆكەرانیان لە رێگەی هاندانی شەقام و پرسی بەناو لامەركەزی، دەیانەوێ بەربەست بۆ پرۆسەكە دروست بكەن، پەرلەمانتارێك دەڵێ، تەنیا بە چاكسازی كوردستان لە تەنگژەی دارایی رزگاری دەبێت، چالاك و چاودێرانیش دووپاتی دەكەنەوە، ئەوانەی دژی چاكسازین، گەندەڵن و چاویان بە هەنگاوەكانی كابینەی نۆ هەڵنایەت.
هەنگاوێكە بۆ دادوەریی كۆمەڵایەتی
سەوسەن محەمەد میرخان، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی و سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و جینۆساید لە پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، هەنگاوەكانی چاكسازی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مایەی خۆشحاڵی خەڵكی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزە، چونكە تەنیا بە چاكسازی دۆخی هەرێمی كوردستان لە تەنگژەی دارایی و كێشەكانیتر رزگار دەكرێت.

زیاتر گوتی، هەنگاوێكی پیرۆزی لەمجۆرە، بێگومان لە بەرژەوەندی ئەوانەدا نییە كە گەندەڵ و خراپەكارن، هاوكات دژایەتیكردنی هەنگاوەكانی حكوومەت بە شكست بۆ خۆیان و سەركەوتنی زیاتری سەرۆكی حكوومەت دەبینن، بۆیە بەربەستی بۆ دروست دەكەن، بەڵام بە پشتیوانی خەڵكی دڵسۆزی كوردستان، هەنگاوەكانی چاكسازی سەركەوتوو دەبێت و بە ئامانجی خۆی دەگات.

كۆچەر گەرمیانی، چالاكی مەدەنی، لەبارەی بەربەستەكانی بەردەم پرۆسەی چاكسازی، بۆ"وشە" باسی لەوە كرد، كەسانی تاڵانچی و خیانەتكار، بە پرسی لامەركەزی و هاندانی شەقام، دەیانەوێ بەربەست بۆ پرۆسەی چاكسازی دروست بكەن، بەڵام خەڵك هوشیارە و لەوە تێدەگات كە هەنگاوەكانی شكست پێهێنانی پرۆسەی چاكسازی نەزۆكن.

ئارام ئەحمەد، وەك چاودێرێك بۆ "وشە" پێداگیری لەسەر ئەوە كرد كە پرۆسەی چاكسازی لە كوردستان سەركەتوو دەبێت، چونكە سەرەڕای ئەوەی خواستی خەڵكە، هەنگاوێكە بۆ دادپەروەری كۆمەڵایەتی، بەدەر لەوەش خەڵك دەزانێت ئەوانەی دەیانەوێ بەربەستی بۆ دروست بكەن، كەسانێكن حزبەكانیان لە حكوومەتە و خۆشیان بەشێكن لە پرۆسەی تێكدان و ئاژاوەنانەوە لە كوردستان.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل