پلازمای ئەسپ 20 هێندەی پلازمای مرۆڤ چارەسەری كۆرۆنا دەكات

:: PM:03:00:21/06/2020 ‌
زانایانی ئەرجەنتینی لە دەرەنجامی توێژینەوەیەكی زانستی بۆیان دەركەوت پلازمای ئەسپ، یارمەتی بەهێزكردنی بەرگریی لەشی تووشبووانی كۆرۆنا دەدات و توانای چارەسەریی پلازماكە سەرووی 20 هێندەی پلازمای ئەو كەسانەیە پێشتر تووشی كۆرۆنا بوون.

كۆمپانیای بایۆتەكنەلۆجیای "ئیمۆنوا" خەریكی دروستكردنی موغەزی "سیرۆم"ێكە كە تێكەڵاو بە پلازمای ئەسپ دەكرێ و بۆ ئەوانە سوودمەندە كە تازە تووشی ڤایرۆسەكە بوون و ناهێڵێت ڤایرۆسەكە بۆ ناو خانەكانی لەشیان بگوازرێتەوە.

بە گوتەی ئەو كۆمپانیا پسپۆڕەی بواری بەرهەمهێنانی دەرمان، خوێنی ئەسپ وەك كارگەیەكی بایۆلۆجیكی وایە و پلازمای خوێنیان زۆر كاریگەرە لە رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكان.

كۆمپانیاكە بە تەمایە دوای وەرگرتنی خوێنی ئەسپ و جیاكردنەوەی پلازماكە دووبارە خوێنەكە بۆ لەشی ئەسپەكە بگوازێتەوە و لە پلازماكەش كۆمەڵێك موغەزی بەرهەم بهێنێت.
20 تا 100 هێندەی پلازمای مرۆڤێكی چاكبووەوەی كۆرۆنا بەرانبەر كۆرۆنا هێزی هەیە.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز ئەو پلازمایەی لە خوێنی ئەسپ وەرگیراوە، 20  تا 100 هێندەی پلازمای مرۆڤێكی چاكبووەوەی كۆرۆنا بەرانبەر كۆرۆنا هێزی هەیە.

لە ماوەی 15 تا 20 رۆژی تر بڕیارە دەرمانەكە بەرهەم بهێنرێت و لە كۆمەڵێك نەخۆشخانەی ئەرجەنتین لەسەر 250 نەخۆش تاقی بكرێتەوە.




وشە - سلێمان تاشان