له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیستدا كە تازە كۆمپیوتە‌ر هاتبووە كوردستان، بۆ شاره‌زاییم له‌و زانسته نوێیه‌ی 'هارد وێرد' و 'سۆفتوێر'، ناوه ناوه سه‌ردانی دراوسێ دووكانه‌كه‌مم ده‌كرد. ئه‌و به ڕاستی زانای كۆمپیته‌ر بوو، له هۆڵه‌ندا گه‌ڕابووه‌وه. ئێواران تا دره‌نگانی شه‌و به‌یه‌كه‌وه كارمان ده‌كرد. له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندان ئه‌ندازیاری كۆمپیوتە‌ر و ده‌رچووی زانكۆكان بۆ گچكه‌ترین گرفت، ته‌نانه‌ت بۆ فۆڕمات هانایان بۆ ده‌هێناین! كاتێك گرفتێكی كاره‌با ده‌هاته پێش، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بڕوانامه‌یه‌كی 'ئه‌ندازیاریی كاره‌با' به سووچێكی ماڵه‌وه‌مان هه‌ڵواسرابوو، كه‌چی وه‌ستای لاكۆڵه‌نه‌كه‌مان نه‌بوایه، ڕووناكی نه‌ده‌گه‌ڕایه‌وه، چه‌ندان خاوه‌ن بڕوانامه‌ی پزیشكیم له نۆرینگه پزیشكییه‌كان بینیوه، بۆ چاره‌سه‌ر هانای بۆ هاوپیشه‌كه‌ی بردووه!، له ناوچه‌كانی پیشه‌سازییش سه‌تان خاوه‌ن بڕوانامه‌ی میكانیكم به‌دی كردووه كە شاگرد فیته‌رێك، سه‌ری به سه‌ر بزوێنه‌ری ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا شۆڕ كردووه‌ته‌وه و هتد...،
'بڕوانامه كه به‌ڵگه‌ی فێربوونی پیشه‌یه'، بۆچی زۆر له‌و خاوەن بڕوانامانه شاره‌زای پیشه‌كه‌یان نه‌بوون؟ تۆ بڵێی وه‌ستای لاكۆڵان لێزانتر له ئوستادی زانكۆ، شاگرده‌كانیان فێر بكه‌ن؟ یاخۆ ئه‌و به‌رنامه ساده كردارییانه‌ی وه‌ستاكان "له هه‌ر پیشه‌یه‌ك"، كه به چه‌ند مانگێك به‌رده‌سته‌كانیانی پێ فێر ده‌كه‌ن، له سیستمه زانستییه ئه‌كادیمییه‌كه‌ی زیاتر له ٢٢٢ ساڵ ته‌مه‌نیه‌تی و به ١٦ ساڵ گوتنه‌وه له ناوه‌نده‌كانی خوێندندا، به‌هره‌دارتر و ئه‌نجامگیرتر بێت؟، بۆ ده‌بێت فێربوونی پیشه‌یه‌ك له شێوه ئه‌كادیمییه‌كه‌یدا ١٦ ساڵ بخایه‌نێت؟، خۆ زۆر له پیشه‌كانی وه‌ك پزیشك و پارێزه‌ر و هتد...، دوای پێدانی بڕوانامه‌یش، ناتوانن ئەوەی فێری بوون بە كردەوە جێبەجێی بكەن و پێویسته چه‌ند ساڵێك له‌ژێر چاودێری و به‌رده‌ستی هاوپیشه به ئه‌زموونه‌كان له بازاڕدا كار بكه‌ن كه ڕوونه ته‌نیا له‌و چه‌ند ساڵه‌دا فێری پیشه‌كه ده‌بن و ئه‌گه‌ر سیستمی په‌روه‌رده و زانستی كۆلێژه‌كان فێری كردبن، ئه‌و چه‌ند ساڵه به‌رده‌ستیی هاوپیشه‌كانیان بۆچی؟، ده‌ی ئه‌گه‌ر فێر نه‌بوون بۆچی بڕوانامه و به‌ڵگه‌ی فێربوون و زانینی پیشه‌ییان وه‌رگرتووه؟ به‌های بڕوانامه‌كان چی و چه‌ندن؟ بۆچی دوای بوونی ده‌یان له‌شكری بڕوانامه‌دار، كه‌چی له بازاڕی سه‌ودادا خاوه‌نپیشه بێ بڕوانامه‌كان، جێگه‌یه‌كیان بۆ بڕوانامه‌داره‌كان نه‌هێشتووه‌ته‌وه؟ ئه‌و سیستمه‌ی كوردستان كه كۆپی وڵاتانی پێشكه‌وتووه و له‌گه‌ڵ ناواخنی سیستمی خوێندنی هه‌موو دنیا هاوشێوه و جمكن، له‌به‌رچی له‌و سیستمه په‌روه‌رده جیهانییه، تاك له شەش ساڵی وه‌رده‌گرێت و له ٢٣ ساڵی و دوای ساڵانێك شه‌ونخونی، به ده‌ستی خاڵی و بڕوانامه‌یه‌كی بێ فێربوونی ته‌واوه‌تی پیشه و بێ سه‌رمایه، ده‌خرێته بازاڕه‌وه؟ ئاخۆ چه‌ند ساڵ پێویسته تا به‌و بڕوانامه‌یه‌ی به‌ده‌ستی هێناوه، له بازاڕی كاردا له‌سه‌رپێی خۆی بوه‌ستێت و به به‌شێك له ماف و ئاواته‌كانی بگات؟ ئه‌و سیستمه كێ و له كوێ و له به‌رژه‌وه‌ندی كێ به‌و شێوه‌یه داڕێژراوە؟.
سیستمی خوێندن كه سه‌ره‌تا فێربوونی نووسینه و دواجار ئاماده‌كردن و هه‌نگاونانه بۆ فێربوونی پیشه‌یه‌ك، فێربوونی پیشه له ڕێگه‌ی ئه‌و سیستمه و به مه‌ودای نیوه‌ی ته‌مه‌ن و به بڕوانامه‌وه، باشتر كار وه‌چه‌نگ ده‌خات له بازاڕی كاردا، یان فێربوون له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سیستمه؟، (هه‌ڵبه‌ت فه‌رمانڕه‌وایی، ڕێگه‌ی فێربوونی زۆر له پیشه‌كانی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سیستمه و پێڕه‌وكردنی هه‌ندێك له پیشه‌كانی به بێ بڕوانامه، یاساغ كردووه)، بەڵام بۆ ده‌بێت تا ئێستە هیچ گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لەو سیستەدا نەكرابێت و ئێستە و تا دنیاش هه‌یه، نه‌كرێت؟.
چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، به‌دواداچوونێكی ڕۆژنامه‌وانیم له‌سه‌ر ده‌رچووی زانكۆكان كرد، ئاخۆ دوای ساڵانێك شه‌ونخوونی و خوێندن چیان چنیوه‌ته‌وه؟ 'له‌ناو ئه‌و هه‌موو به‌شه پیشه‌ییانه‌دا، ساناترین ڕێگه له وه‌چه‌نگكه‌وتنی ئه‌نجام، به‌شی 'زمانه‌وانییه'، له كۆی قوتابیانی قۆناغی كۆتایی به‌شی زمانی ئینگلیزی كه ماوه‌یه‌كی تر بڕوانامه‌یان وه‌رده‌گرت، ته‌نیا دوو قوتابی زمانی ئینگلیزییان به باشی ده‌زانی، ئه‌وانیش له ده‌وره‌یه‌كی شه‌ش مانگی فێر بووبوون نه‌ك زانكۆ، ئه‌وكات وه‌ڵامی به‌شێك له پرسه‌كانم له ڕاپۆرتێكی شیكاریدا بڵاو كرده‌وه و هه‌ندێ پرسی جه‌وهه‌ری بێ وه‌ڵام له هزرمدا مانه‌وه، كه ئه‌مڕۆ وه‌ڵامیان ده‌ده‌مه‌وه.
ته‌مه‌نی سیستمی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا، زیاتر له ٢٢٢ ساڵه، له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی حه‌ڤده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی هه‌ژده، ڕووسه‌كان بیرۆكه‌ی شۆڕشی پیشه‌سازیی په‌روه‌رده‌ییان داهێنا، ناوه‌ندێكیان دامه‌زراند له ڕێیه‌وه خه‌ڵكیان فێری پیشه ده‌كرد، تا له ڕووی پیشه‌سازییه‌وه وڵات بخه‌نه سه‌ر پێ، به‌ڵام دواتر ئه‌و ناوه‌نده بۆ چه‌ندان مه‌به‌ست و ئه‌جندای سیاسی، به‌كار هێنرا و به‌رژه‌وه‌ندخوازیی حوكمڕانیی تێ خزێندرا و خرایه خزمه‌ت فه‌رمانڕه‌واییه‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی ساڵی ١٨٤٠ كۆپییه‌كی ئه‌و ناوه‌نده بۆ ئه‌مه‌ریكا ده‌گوازرێته‌وه، ساڵی ١٨٩٢، لیژنه‌یه‌كی ١٠ كه‌سی له ئه‌مه‌ریكا بڕیار ده‌دەن كە ده‌بێت ١٢ ساڵی خوێندن له دامه‌زراوه‌ی قوتابخانه‌كان ناچاری بێت، قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی دروست بوو و له ناوه‌ندییه‌وه چی و چ قه‌باره‌یه‌ك تا ئاستی خوازراوی پەستان بۆ سه‌ر ئاوه‌زی خه‌ڵك هه‌بێت و به زۆر له مێشكیان بپه‌ستێنرێت.
دواجار دامه‌زراوه‌ی په‌روه‌رده‌یی ئاماده‌كراوی گۆشكراو به ئه‌جندای حوكمڕانی، له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی ١٩، به ته‌واوی دنیادا بڵاو كرایه‌وه و جیا له چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی كه‌م و ڕواڵه‌تی، ئه‌و پرۆگرامه تا ئێستە هەر بەردەوامە و هیچ كه‌س و زانا و شاره‌زا و حكوومه‌تێك بوێریی ئه‌وه‌ی نه‌بووه و نییه ده‌ستی بۆ ببات، كه هه‌موو جۆره‌كانی حوكمڕانی، هه‌ر له دڕنده‌ترین دیكتاتۆره‌وه تا ئه‌وپه‌ڕی دیموكراسی و پاشایه‌تی و ئایدۆلۆجیاكانی ئیمپریالیزم و سۆسیالیزم و ناسیۆنالیزم و هتد...، له‌سه‌ری كۆكن و له سایه‌یانه‌وه گۆڕانی ڕیشه‌یی و جه‌وهه‌ری بۆ ئه‌به‌د یاساغ كراوه، كه به‌هۆیه‌وه ته‌مه‌نی فه‌رمانڕه‌وایی درێژ كردووه‌ته‌وه و حوكمڕانی سانا كردووه، چۆن؟
جیا له فێركردنی نووسین له قۆناغی سه‌ره‌تایی، ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌وه و به قووڵی و وردییه‌وه سیستمی خوێندن شه‌نوكه‌و بكه‌ی، ئه‌جنداكانی ناواخنی ده‌رده‌كه‌وێت كه ڕۆڵی گرنگی دامه‌زراوه‌ی قوتابخانه‌كان، ژێرده‌سته‌كردن، ڕاگرتن و ڕێكخستنی كۆمه‌ڵگه و ڕاهێنانی خه‌ڵكه بۆ گوێڕایه‌ڵی، سه‌ركوتكردن و لاوازكردنی توانا هزرییه‌كانی تاكه، كه له ڕێگه‌یه‌وه كۆنتڕۆڵكردن و حوكمڕانی ئاسان ده‌كات.
ڕاگرتنی كۆمه‌ڵگه‌یه به‌وه‌ی، تاك هه‌ر له منداڵییه‌وه ده‌خاته قاڵبه‌وه و ڕایده‌هێنێ له‌سه‌ر گوێڕایه‌ڵی و پابه‌ندبوون و بێده‌نگكردنی و به زه‌وتكردنی به‌شێك له ئازادییه‌كانی تا به‌ره‌و كۆیله‌بردن، له تافی لاوێتی ئه‌وپه‌ڕی به‌هێزی و كه‌مئه‌زموونیاندا تا نزیك كامڵبوون، له چوارچێوه‌ی ئه‌و سیستمه‌دا، به بابه‌تی جۆراوجۆر و زیاده، به جۆرێك سه‌رگه‌رم و ده‌سته‌مۆیان ده‌كات، فه‌رمانڕه‌وایی وڵاتان له پشێوینانه‌وه و گڕگرتنی، 'به كۆكردنه‌وه‌ی به‌شی پشكۆی كۆمه‌ڵگه له چوارچێوه‌ی ناوه‌نده‌كانی خوێندن'، ئه‌رخه‌یانه و تا ڕاده‌یه‌ك به‌هۆی سیستمی خوێندنه‌وه جڵه‌ویانی له ده‌ستدایه.
به‌شێكی دیكه له ڕۆڵی دامه‌زراوه‌یی ناوه‌نده‌كانی خوێندن، به ئاخنینی چه‌ندان وانه‌ی چه‌ند سه‌تپه‌ڕی تاقه‌تپڕووكێن له‌هه‌ر قۆناغێك، كه بۆ ئه‌به‌د له خوێندنه‌وه‌ی گشتی داده‌بڕێت و گوشاری بێ‌شومار خستنه سه‌ر ئاوه‌ز، به تاقیكردنه‌وه‌كانی به‌رگ بۆ به‌رگ و ئه‌و ترس و دڵه‌ڕاوكێیانه‌ی به‌شێكه له‌و سیستمه و ڕۆژانه فێرخواز ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه و هتد...، كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر ئاوه‌زی مرۆ داده‌نێت و توانا هزرییه‌كانی پێ لاواز ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش كنزێكه له فه‌رمانڕه‌واییدا و پێگه‌یشتنی خه‌ونه، كه له دنیادا حوكمڕانیكردنی هاووڵاتیانی تێگه‌یشتوو و پێگه‌یشتوو و زانا و زۆرزان، خواستراو نییه و له‌و جۆره حوكمڕانیانه‌دا، زۆرێك له بڕیاره‌كان ملكه‌چی و ناچاری و تێیدا ترس و ئه‌گه‌ری هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه به‌رزه.
كاتێك سیستمێكی وه‌ك په‌روه‌رده و خوێندن، كۆمه‌ڵگه ڕابگرێت و گوێڕایه‌ڵ و ده‌سته‌مۆی بكات و چینی ئاگرینی هه‌رزه‌كار جڵه‌و بكات و تا ڕاده‌یه‌ك توانا هزرییه‌كانی له‌بار ببات، پێتوابێ گۆڕانی ڕیشه‌یی و جه‌وهه‌ری له‌م سیستمی فێركردن و په‌روه‌رده جیهانییه‌دا به ئاراسته‌ی دروست وه‌دی بێت؟، كه تا ئه‌وپه‌ڕی، سه‌نگ و به‌های له ژمارنه‌هاتووی به چوارچێوه‌ی بڕوانامه‌ی بێ پیشه‌دا كردووه و ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی وه‌ك گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وتی ژیان پێشان ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی له‌و سیستمه دانه‌بڕێن و هه‌ڵپه‌ی وه‌چه‌نگكه‌وتنی بڕوانامه‌یان بێت، بڕوانامه‌یه‌ك له بازاڕی كاردا جێیه‌كی بۆ نه‌گرتووه و ده‌ست به‌تاڵ، نیوه‌ی ته‌مه‌نی بردووه.