رۆشنبیری كوردیی له گێژاوی سۆفیزم و نه‌ریتدا گیری خواردووه و هه‌ناسه‌ی سوار بووه، ناتوانێ له ده‌ره‌وه‌ی كۆنسێپته ئاینیی و چه‌قبه‌ستووه‌كان میتۆدێكی تری بیركردنه‌وه دابهێنێت. زمانێكی جیاواز له‌و موفره‌داته سه‌له‌فییه بدۆزێته‌وه بۆ ده‌ربڕین و هه‌رواش بۆ ئه‌وه‌ی ببێته رایه‌ڵێك بۆ گه‌یاندنی هزرینی نوێ.
ئێوه دیقه‌ت بده‌ن ئه‌وه‌ی له وتار و شیعر و رۆمان هه‌ڕمێنی هه‌یه، هه‌موو ئه‌و تایپه‌ن له نالی و مه‌حوییه‌وه درێژ بوونه‌ته‌وه تا به‌ختیار عه‌لی و مه‌ریوان وریا قانیع. ئه‌م رۆشنبیرییه بارگاوییه به رۆحی عیرفان و پاسیڤیزمی ئاینیی و هاوئاوازه له‌گه‌ڵ ده‌نگی زیقنی مێگه‌ل، نه‌ك برینێك بكاته خۆئه‌ڤینی تاك و كۆمه‌ڵگه‌وه، به‌ڵام ئێمه پێویستیمان به رۆشنبیرێكه شهبهقێكی گه‌وره بخاته نارسیزمی باوه‌ڕه باوه‌كانه‌وه نه‌ك به‌رهه‌مێهنه‌ری كۆن بێت له پاكه‌تی تازه و مودێرندا.
ته‌رزێك له رۆشنبیری كورد، یان نووسه‌ر، گۆڕه‌پانی رۆشنبیرییان پاوان كردووه، زیاد له هه‌ر شتێك له بواری وشهڕیزكردن، یان با بڵێین وشه‌سازیی "مۆرفۆلۆجیا" كارامه‌ن، ئه‌گه‌رنا هه‌گبه‌یان خاڵییه له په‌یام و ئاسۆیان هێنده تاریكه، رووناكی هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێكی لێوه نابینرێت. خۆ ئه‌گه‌ر رۆشنبیر ته‌نێ ده‌سه‌ڵاتی وشهڕیزكردنی هه‌بێت، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و وشانه شتێك له دنیا و ده‌وروبه‌رمان بگۆڕن، ته‌نیا دهمهوهرییهكهیان بۆ ده‌مێنێته‌وه.
رۆشنبیر یان نووسه‌ری راسته‌قینه به‌وپه‌ڕی ژیربێژییه‌وه كۆنسێپته‌كانی ده‌گه‌یه‌نێت، نه‌ك زۆرتر له هه‌ر كارێك سه‌رقاڵی گه‌مه‌ی چه‌مكسازیی بێت، هه‌موو خولیای ببێته گوتنی وشه‌ی گه‌وره و نووسینی رسته‌ی جوان، ده‌شێ وشه جوانه‌كان هه‌ڵگری دنیایه‌ك ناشیرینی بن، به پێچه‌وانه‌یشه‌وه هه‌روا، ئه‌وه‌ی گرنگه وشه‌كان وه‌ك فیشه‌كی موختاركوژیان لێ نه‌یه‌ت، ته‌نێ ده‌نگێكی گه‌وره بن بێ پێكانی ئامانج، چونكه مه‌سره‌فگه‌رایی له بواری زماندا، دواجار له چه‌نه‌بازیی به‌ولاوه شتێكی تر نییه.
رۆشنبیری كورد وه‌ك ختوكهدهر
به سه‌رده‌مێكدا تێده‌په‌ڕین ئارگۆمێنت و میتۆدی زانستیی له گوتاری رۆشنبیریی كوردیدا، كه‌وتووه‌ته دوای ختوكه‌دانی هه‌ستی مێگه‌لی خه‌ڵك، رۆشنبیرانی ئێمه له باشترین حاڵه‌تدا شاسواری TALK SHOWن، كار له‌سه‌ر ورووژاندنی سۆزی جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌ن نه‌ك له‌سه‌ر عه‌قڵی تاكه‌كه‌س، ئه‌مه هه‌مان ئه‌وه‌یه كه رۆشنبیرانی عه‌ره‌بیشی گرتووه‌ته‌وه، له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی هیچ ئارگۆمێنتێكیان پێ نییه بۆ ره‌واییدان به هزرینیان، ناچار ماون له رێی جووڵاندنی ناوچه‌كانی سۆزی زۆرینه‌وه ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ بیگه‌یه‌نن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یش له دنیای عه‌ره‌بیدا رۆشنبیرانی عه‌وامگه‌ر ده‌ستیان گرتووه به‌سه‌ر كایه‌ی رۆشنبیرییدا، به‌ڵام له دۆخی كورددا قوڕه‌كه خه‌ستتره، به‌وپێیه‌ی چوارچێوه‌ی بیركردنه‌وه‌مان له بن كاریگه‌ریی رۆشنبیریی ئاینیی و كولتووری عه‌ره‌بیدایه.
ئه‌وه‌یشی پێی ده‌گوترێ نوێخوازیی له كایه‌ی رۆشنبیریی كوردیدا، هیچ نییه جگه له چه‌مكسازیی و گه‌رمكردنی بازاڕی وشه‌سازیی بێ ناوهڕۆك، راستییه‌كه‌ی فۆرم ره‌ت ناكه‌مه‌وه، به‌ڵام نابێت ناوهڕۆك بكرێته قوربانی فۆرم، نابێت ئێمه له بۆشاییدا بیر بكه‌ینه‌وه، ئه‌مه ئه‌و دیمه‌نه تۆقێنه‌ره‌یه كه بووه‌ته مۆتهیهكی به‌رده‌وامی من.
ئه‌وه‌ی "گۆران" كردی له بواری نوێكردنه‌وه‌ی شیعری كوردیدا، له تێكشكاندنی "عه‌رووز"ی عه‌ره‌بییه‌وه به‌ره‌و كێشی "په‌نجه"، دوای نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك چه‌قی به‌ستووه، به‌وپێیه‌ی نه‌وه‌ی دوای گۆران توانای نوێكردنه‌وه و تێكشكاندنی ریتمی باوی شیعری نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌نیا گه‌مه‌یه‌كی فۆرمالیستانه‌ی رووته و هیچی تر.
له بواری فیكردا دوای مه‌سعوود محه‌مه‌د، ره‌هه‌ندییه‌كان هاتوون كه درێژكراوه‌ی "روانگه"ییهكانن، ئه‌مان رۆشنبیریی كوردی‌یان كرده كه‌لاوه و بازاڕی ساغكردنه‌وه‌ی تێز و چه‌مكه سواوه‌كانی فیكری رۆژئاوایی. ئه‌م گرووپه هێنده غه‌واره‌ن به كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان، وه‌ك ئه‌و رۆشنبیره عه‌ره‌بانه‌ی "عه‌لی حه‌رب" به رۆشنبیرانی تاراوگه‌نشین ناویان ده‌بات، ئه‌گه‌رچی له‌ناو كووچه و كۆڵانی شاره‌كانی خۆیشیاندا بژین.
تابلۆكه زۆر له‌وه كارهساتبارتره، ئێمه به‌چاو ده‌یبینین، هه‌موو كاری رۆشنبیری كورد بووه‌ته ختوكه‌دانی ده‌روونی زۆرینه، ئه‌و ده‌توانێ ده‌روونی جه‌ماوه‌ر بهه‌ژێنێت، به‌ڵام ده‌ست و پێ سپییه له ورووژاندنی عه‌قڵیان، ئه‌مه شتێك نییه رۆشنبیرانی ئێمه نه‌یخوازن، به‌ڵكو له ستراكتۆره‌وه خۆیان له لیتاوی ترادیسیۆن و دۆگماتیزمی ئیدۆلۆجییدا چه‌قیون، له‌به‌رئه‌وه ناتوانن كار له‌سه‌ر عه‌قڵ بكه‌ن، وه‌ك هه‌ر مه‌لایه‌ك یان پیاوێكی تری ئاینیی كاریان ورووژاندنی هه‌ستی ده‌سته‌جه‌معییه، ئه‌مه ئه‌و ئایدزهیه دووباره و دووباره به‌رهه‌م ده‌هێنرێته‌وه.
رۆشنبیری كورد پرسیاری نییه، یان هه‌موو ئه‌و پرسیارانه ده‌ورووژێنێته‌وه كه تێكڕا ده‌یزانن و زۆر كۆنتر وه‌ڵام دراونه‌ته‌وه. به‌ڵام تا رۆشنبیری ئێمه نه‌توانێ پرسیاری تازه بكات، هیچ ئاسۆیه‌كی تازه له مێشكی نه‌وه‌كانی داهاتوودا ده‌رناكه‌وێت. تا رۆشنبیری ئێمه عه‌قڵ ره‌ت بكاته‌وه و ببێت به باهۆزی سۆزگه‌رایی، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه مێشكی هه‌ر رۆژه‌ی له ژێرپێی جهلادێكدا ده‌پلیشێته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێ دووچاری نه‌خۆشیی "سه‌ندرۆمی ستۆكهۆڵم"* ده‌بێت، وه‌ك له مێژه ئه‌م نه‌خۆشییه بڕستی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه بڕیوه.
رۆشنبیر وه‌ك رووخێنه‌ری ئارامی
فاكتێك هه‌یه فه‌یله‌سووفه پۆستمودێرنهكانیش دووپاتی له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه، رۆشنبیر هیچ شتێك له ده‌ره‌وه‌ی گه‌نجینه‌ی رۆشنبیریی ئیزافه ناكات، جگه له دۆزینه‌وه‌ی تازه له‌و گه‌نجینه‌یه‌دا. به ده‌ربڕینێكی تر، رۆشنبیر كار له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی فۆرمی نوێ ده‌كات بۆ هه‌مان ئه‌و ناوه‌ڕۆكه كۆنه‌ی هه‌یه. واته نووسه‌ر ناوه‌ڕۆكی تازه داناهێنێت، به‌ڵكو فۆرمی نوێ ده‌دۆزێته‌وه، كاره‌كه‌ی وه‌ك ئه‌و سه‌ركێشییه كۆلۆمبۆسییه وایه كیشوه‌رێكی تری جیۆگرافیای تێڕامان و بیر ده‌دۆزێته‌وه. زۆربه‌ی جار ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه دژ به سایكۆلۆجیای مێگه‌له، به‌ڵكو وه‌ك كڵپه‌ی ئاگر ده‌ڕژێته سه‌ر خه‌یاڵدانی ئه‌و جه‌ماوه‌ره پان و به‌رینه‌ی بیركردنه‌وه و مێشكیان له‌ژێر به‌فری ئایدۆلۆجیا و ئایندا به‌ستوویه‌تی.
رۆشنبیر بوونه‌وه‌رێكه هه‌میشه بیر ده‌كاته‌وه، پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه یه‌كێكه له ترسناكترین پرۆسه‌كان، له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی بیركردنه‌وه هه‌میشه شلۆقی و نادڵنیایی دوای خۆی جێدێڵێت، ساته‌وه‌ختی تیۆریزه‌كردنی بیركردنه‌وه و ئاراسته‌كردنی به ڕووی جه‌ماوه‌ردا، یه‌كێكه له چركه‌ساته هه‌ره تۆقێنه‌ره‌كان، به‌وپێیه‌ی مرۆڤ به‌رده‌وام به دوای سه‌قامگیریدا وێڵه، رۆشنبیر له‌م ساتانه‌دا وه‌ك جه‌لادێك ده‌رده‌كه‌وێت له تێڕوانینی زۆرینه‌دا، به‌و پێیه‌ی ماڵی ئارامیی و چه‌قبه‌ستوویی ئیدۆلۆجی "الجمود العقائدی" لێ تێك ده‌دات، وه‌ك چۆن ماڵ شوێنێكه بۆ سه‌قامگیریی و ئارامی مرۆڤ، به‌هه‌مانشێوه دۆگمی فیكریی رووبه‌رێكی ئارامه بۆ مێشكی مرۆڤ، ئه‌مه هه‌موو لێكۆڵینه‌وه ئهنترۆپۆلۆجییهكان هاوڕان له‌سه‌ری، ئه‌وكاته‌ی رۆشنبیر به چه‌كی بیر و ره‌خنه‌ی نوێ دژ به‌و دڵنیاییه‌وه ده‌وه‌ستێته‌وه و هه‌وڵی رووخاندنی ئه‌و ماڵه ئارامه ده‌دات، ده‌بێته بوونه‌وه‌رێكی نه‌فره‌تلێكراو له تێڕوانینی زۆرینه مێگهلهكهدا.
بیرم نییه، كام له بیرمه‌ندان بوو جارێك نووسیبووی: نووسین ژه‌هر و تریاكه. باوه‌ڕم وایه ئه‌و به‌پێزترین پێناسه‌ی پرۆسه‌ی نووسینه، له‌به‌رئه‌وه‌ی نووسین ژه‌هرێكه دژی ئارامیی ده‌روونی و عه‌قڵیی، هه‌میشه مرۆڤ له باری جێگرییه‌وه ده‌باته دۆخی رارایی و گومان. وه‌ك ئه‌وه‌ی "سلۆتهداریك"یش هه‌میشه دووپاتی لێ ده‌كاته‌وه "هیچ شتێك هێنده‌ی ژه‌هر دژه ژه‌هر نییه". له كۆتاشدا داهێنان و پێشكه‌وتن به‌رهه‌می عه‌قڵه نادڵنیا و راڕاكانه، نه‌ك مێشكه مه‌ییوه‌كان.
رۆشنبیریی ده‌بێت وه‌ك شمشێری "دیموكلیس" مرۆڤ له‌سه‌ر نادڵنیایی رابهێنێت، راهاتن له‌سه‌ر دڵنیایی داخستن و قفڵدانی عه‌قڵه، رۆشنبیریش بوونه‌وه‌رێكی هه‌سته‌كی نییه، به‌ڵكو له به‌رزرترین ئاستدا عه‌قڵانییه، رۆشنبیر هه‌میشه له خه‌باتدایه بۆ ئه‌وه‌ی مێشكی قه‌وزه نه‌یگرێت و به‌ردێكی مه‌عریفیی هه‌ڵبداته گۆمی مه‌ندی دڵنیاییه‌وه، نه‌یزه‌كێك بێت له ئاسمانی بیره‌وه بكه‌وێته خواره‌وه، شاری ئارام و جه‌قبه‌ستوویی بڕووخێنێت، له‌م كاته‌دا رۆشنبیر رووخێنه‌ره له‌پێناوی بیناكردنهوهدا، ئه‌مه هه‌مان تیۆری فه‌وزای خه‌لاقه كه له ئه‌فلاتوونه‌وه ده‌ستی پێ كردووه و ئێسته‌یش له بواری سیاسی‌دا ئه‌مه‌ریكا پێڕه‌وی لێ ده‌كات.
رۆشنبیر وه‌ك نه‌فره‌تلێكراو
ئه‌دۆنیس ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، "گوتنی راستی له زه‌مه‌نی سوكراته‌وه ترسناك بووه"، به‌وپێیه‌ی باجه‌كه‌ی مردنه، مه‌رجیش نییه هه‌موو كات ئه‌و مه‌رگه ره‌هه‌ندی فیزیكی هه‌بێت، به‌ڵكو به ده‌ربڕینی ئه‌دۆنیس "لانیكه‌م مردن له رووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه".
ئه‌و كاته‌ی رۆشنبیر داكۆكی له‌و راستییانه ده‌كات، پێچه‌وانه‌ی مه‌یلی زۆرینه یان باوه‌ڕه دۆگمه باوه‌كانه، به‌ر نه‌فره‌ت ده‌كه‌وێت. كاری رۆشنبیریی ئیشێكی ئیبلیسییانهیه، چونكه له بری یه‌قین گومان له‌سه‌ر هه‌موو شتێك دروست ده‌كات، له بری وه‌ڵامی كۆنكرێتی سه‌دان پرسیاری تر به ئاوه‌ڵایی جێدێڵێت.
راستییه‌كه‌ی كاتێك ئێمه باسی چه‌مكی رۆشنبیر ده‌كه‌ین، ته‌نیا ئه‌وانه‌مان مه‌به‌ست نییه سه‌ریان به‌سه‌ر كتێبدا شۆڕ كردووه‌ته‌وه و پێوه‌ندییان به واقیعه‌وه نییه، ئه‌مانه زیاتر عارفن وه‌ك له‌وه‌ی رۆشنبیر بن، مه‌به‌ست له هه‌ر كه‌سێكه بۆچوونێكی تازه یان بیرۆكه‌یه‌كی ناباوی هه‌بێت كار له ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤ بكات.
رۆشنبیرێك زۆرینه به‌دڵیان بێت، یان خۆشه‌ویستی هه‌موو لایه‌ك بێت، جێی گومانه، له‌و سۆنگه‌یه‌ی ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی له‌سه‌ر حیسابی راستیی و شاردنه‌وه‌ی بڕێك له راستیی دروست كردووه. رۆشنبیر له هه‌ر كایه‌یه‌كدا كار بكات، مرۆڤێكی به نهفرهتكراوه، كۆمه‌ڵگه هه‌میشه له رۆشنبیره رژده‌كان دڕدۆنگه، چونكه كاری ئه‌و وه‌ك هاواری منداڵه لاساره‌كه‌ی شانۆگه‌رییه‌كی "ئه‌پسن" وایه كاتێك هاواری كرد پاشا رووته، ئه‌و ته‌نیا ده‌نگێك بوو لاساریی كرد و به پێچه‌وانه‌ی سه‌دای حهشاماتێكهوه راستییه‌كی ساكاری دركاند، لێره‌دا ئه‌م منداڵه وه‌زیفه‌ی رۆشنبیریی به‌جێ دێنێت.
به مانایه‌كی تر، رۆشنبیر ئه‌و كه‌سه‌یه به گوتنی راستیی درز ده‌خاته خۆئه‌ڤینی زۆرینه‌وه، خوێ ده‌كاته سه‌ر برینه‌كان، گومان له پیرۆزییه‌كان ده‌كات، هه‌وڵ بۆ دروستكردنی دنیایه‌كی نوێ ده‌دات له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ئه‌و دنیا باوه‌ی زۆرینه تێیدا چه‌قیون، لێره‌وه‌یه رۆشنبیر به ته‌نیا به‌ر نه‌فره‌تی ده‌سه‌ڵاتداران ناكه‌وێت، به‌ڵكو پێشوه‌خت به‌ر نه‌فره‌تی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه ده‌كه‌وێت. له نموونه‌ی ژه‌هرخواردكردنی سوكراتدا ئه‌م فاكته به روونی خۆی ده‌رده‌خات.
نیچه له "وه‌های گوت زه‌رده‌شت"دا به روونی ده‌ڵێت، "من ناگه‌ڕێمه‌وه بۆ لای ئێوه، تا هه‌مووتان نكۆڵیم لێ نه‌كه‌ن". ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی "هه‌قتان پێ ده‌ڵێم". دروست ئه‌مه وێنای رۆشنبیره له هه‌موو ساته‌وه‌خته مێژووییه‌كاندا كه به‌ر نه‌فره‌ت ده‌كه‌وێت، وێنایه‌كی قێزه‌ون و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك گاڵته‌جاڕانه‌ی بۆ داتاشرێت له مێشكی خه‌ڵكدا، ره‌نگه خه‌ڵك هه‌ر خۆیان دروستكه‌ری ئه‌و وێنه‌یه‌ش بن.
له نه‌فره‌تكردن له رۆشنبیراندا هه‌موو هێزه‌كان كۆكن و به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان پێك ده‌گه‌نه‌وه، به‌وپێیه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی و ئاینیی هه‌موو ته‌بان له نه‌فره‌تكردن له رۆشنبیراندا. دیقه‌ت بده‌ن چۆن "كۆپه‌رنیكۆس" كاتێك برینێكی قووڵ ده‌كاته نارسیسزمی مرۆڤه‌وه، به‌وه‌ی زه‌وی چه‌قی گه‌ردوون نییه، چۆن به‌ر نه‌فره‌ت ده‌كه‌وێت، له كاتێكدا ئه‌وه‌ی ئه‌و گوتی راستییه‌كی زانستی حاشاهه‌ڵنه‌گره، به‌ڵام له‌و چه‌رخه‌ی ئه‌وی تێدا ده‌ژیا ئه‌م راستییه نه‌ك باوه‌ڕی پێ نه‌ده‌كرا، به‌ڵكو به‌ر نه‌فره‌تیش كه‌وت. ئه‌وه‌ی تازه بێت، سه‌ره‌تا قورسه، وه‌ك په‌نده ئه‌ڵمانییه‌كه ده‌ڵێت "هه‌موو ده‌ستپێكردنێك قورسه". رۆشنبیر فیكری تازه داده‌هێنێت و ده‌سپێكێكی نوێ دروست ده‌كات. ئاخر زۆرجار ئه‌وه‌ی رۆشنبیر ده‌یكات بۆ خۆیشی له به‌هاكه‌ی تێناگات، وه‌ك چۆن كۆلۆمبۆس به‌وه‌ی نه‌زانی ئه‌مه‌ریكای سه‌رزه‌وینی هێز و ئه‌فسانه‌كانی دۆزیوه‌ته‌وه.
له‌م سۆنگه‌وه باوه‌ڕم وایه ئه‌و رۆشنبیره‌ی ئێسته زۆر ستایش بكرێت، به‌رگه‌ی مێژوو ناگرێت، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و رۆشنبیره‌ی له هه‌نووكه‌دا دژایه‌تی بكرێت شاسواری مێژووه و ئاینده ده‌بێته موڵكی ئه‌و. نیتچه پێداگریی له‌وه ده‌كرد هه‌موو شته جوانه‌كان رۆژێك له رۆژان ناشیرین بوون. ئه‌و رۆشنبیره‌ی له هه‌نووكه‌دا به‌ر نه‌فره‌ت بكه‌وێت، داهاتوو باوه‌شی میهره‌بانانه‌ی بۆ ده‌كاته‌وه، پێچه‌وانه‌كه‌یشی هه‌ر راسته.
وه‌ڵامێكی نوێ بۆ پرسیارێكی كۆن
هه‌میشه ئه‌و پرسیاره بووه‌ته پرسیارێكی رژد كه بۆچی رۆشنبیریی كوردیی زۆر لۆكاڵییه و ته‌نانه‌ت ناتوانێ سنووری گشت كوردستان بگرێته‌وه و ببێته رۆشنبیرییه‌كی كوردستانی؟ بۆچی ئه‌و پره‌نسیپه هێشتا به‌سه‌ر بواره ئهدهبییهكهیشماندا پراكتیز نه‌بووه كه دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه هه‌ر ده‌قێكی یونیڤرساڵ پێش هه‌ر شتێك ته‌واو لۆكاڵییه؟. هۆكاره‌كه‌ی جیا له نه‌بوونی زمانێكی ستانده‌ر و له ئارادا نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان و تاڵانكردنی ژێرخانی رۆشنبیریمان له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانه‌وه، ده‌مه‌وێ هێما بۆ دوو هۆی ناوه‌كی تریش بكه‌مه كه‌م تا زۆر بۆ به‌رسڤی ئه‌و پرسیاره‌ی لای سه‌ره‌وه ده‌ست ده‌ده‌ن.
یه‌كه‌میان، هه‌میشه نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كان هه‌وڵیان دا كه‌سێتی مه‌عنه‌ویی تاكی كورد تێكبشكێنن تا سنووری ئه‌وه‌ی هه‌ست به زه‌بوونی خۆی بكات، به‌رده‌وامیش به چاوێكی نزمتر له خۆی بڕوانێ كه ته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ كولتووری سه‌ردار و رهعییهتدا. ئادله‌ر پێی وایه زۆرینه‌ی جار داهێنانی گرێی خۆ به بچووكزانینه، به‌ڵام ئه‌م گرێی خۆ بهكهمزانینهی كورد تاكه شتێكی به‌رهه‌م هێناوه، ئه‌ویش مرۆڤێكی پاسیڤی به‌كاربه‌ره، تاك و ته‌راش نه‌بێت ئه‌و كائینه‌ی له دنیای ئێمه‌دا به رۆشنبیر ده‌ناسرێته‌وه، له‌ناو هه‌مان زه‌لكاودا له دنیا ده‌ڕوانێت.
دووه‌میان، كێشه‌كه زۆر ناوه‌كییه و پێوه‌ندیی به بچووكی خه‌یاڵدان و به‌رته‌سكی ئه‌و تاكه‌وه هه‌یه ناوی رۆشنبیری كورده. ئاخر رۆشنبیرانی ئێمه هێشتا بازنه‌ی بیركردنه‌وه‌یان هێنده ته‌سكه به ئاسته‌م ده‌توانێ بچێته ده‌ره‌وه‌ی شار یان ئه‌و ناوچانانه‌ی تێیاندا ده‌ژین له رووی جیۆگرافییه‌وه. رۆشنبیریی جیهانی كه‌سێكه له‌ناو گوند یان شاره‌كه‌ی خۆیه‌وه له دنیا تێده‌گات به‌ڵام باسی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆی ده‌كات، هه‌ر دیارده‌یه‌كی رۆشنبیریی لۆكاڵی نه‌بێت قابیلی ئه‌وه نییه ببێته جیهانی، ئه‌گه‌ر وه‌ك ئارگۆمێنتێك په‌نا ببه‌ینه به‌ر نموونه‌ی هۆڵیوود ره‌نگه كۆمه‌كمان بكات بۆ روونكردنه‌وه‌ی زۆرتری قسه‌كانمان.
ئه‌ده‌بی كوردیی نموونه‌ی ده‌قی وه‌های تێدایه بكرێته ده‌قێك سنووری كوردستان ببڕێت، به‌ڵام گرێی خۆ به‌كه‌مزانین و بێ نرخ سه‌رنجدانی به‌رهه‌می خۆماڵی، هێشتا نه‌یهێشتووه ئه‌و كاره بكه‌وێته سه‌رپێ. ئه‌م نموونه‌یه ده‌كرێ گشتاندنی بۆ بكرێت به‌سه‌ر كایه‌ی سیاسیی و ئابووریشدا.
*سه‌ندرۆمی ستۆكهۆڵم، نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونییه ئه‌و كه‌سانه ده‌گرێته‌وه عاشقی جه‌لاده‌كه‌ی خۆیان ده‌بن.
11-1-2020
ستۆكهۆڵم - سۆلنا