كوردبوون بە هەموو كەس ناكرێ

AM:10:49:13/07/2017 ‌
سەربەست ڕەفیق 

چەند سەیرە ئەم كوردە وەك یەك نین! خۆ یەك خوا دروستی كردوون، بۆ دەبێت لە هەموو زەمەنێكدا كوردەكان ببن بەچەند بەرەیەكەوە، بۆ هیچ كاتێك هاو هەڵوێست نەبوون، هەمیشە دەبێت كۆمەڵێك دژ بن؟ ئەوەی لە مێژووی كورددا هەیە لە هیچ نەتەوەیەكی تردا بوونی نییە.

تۆ بڵێی خەتای گەردوون بێت كوردی لە جوگرافیایەك دروست كردووە بەدرێژایی مێژوو گرفت و كێشەی  هەبووبێت لەگەڵ دراوسێكان و خودی خۆیدا.........!

كوردبوون تاوان نییە، بەڵكو شانازییە، بەڵام بۆ كەسانێك كە قوربانییان دابێت بۆ نیشتمان، هەمیشە پاڵپشتی كوردستان بووبن لەهەر قۆناغێكدا ئەگەر دۆخی خەڵكەكەشی نالەبار و نائارام بووبێت، بەجۆرێك تێڕوانین و هزریان ئەرێنییانە بووە، هەمیشە بە ئومێدەوە تاماشاكەری ڕووداوەكان بوون، هەستی نیشتمانپەروەرییان هێندە بەرزەفڕ بووە، هیچ بیانوویەك ناهێننەوە بۆ لەدەستدانی ئەو ئایدۆلۆجیا و فكرەیە، چونكە لەوە گەیشتوون نیشتمانت نەبێت ژیانیش نابێت.

بەڵام هەموو كوردێك پێی ناگوترێت كورد، لەبەرئەوەی لەناو كوردان هەمیشە كەسانێك هەبوون هەستی ناسیۆنالیستییان پێ نەبەخشراوە لە بوونەوە، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان كار بكەن بۆ مەرامی تایبەتی و بەرژەوەندییە كەسییەكانیان ئاوێتەی بەرژەوەندی گشتی بكەن بەمەبەستی بەدیهاتنی مەرامەكانیان تا ئەوكاتەی نیشتمانیش بدۆڕێنن. ئەوەی ئێستە دەگوزەرێت لەم هەرێمەدا  لەڕووی مێژوویییەوە حاڵەتێكی ئاسایییە، چونكە لەگەڵ بوونی كورد ئەم جۆرە زادە و بیركردنەوانە هەبوون و بەردەوام دەبن، بەڵام لە مێژوودا بەخیانەتكار و خۆفرۆش ناوزەد كراون.

بۆ ئەوەی نەوەی ئێستە لە مێژوودا بەر نەفرین نەكەون و بەبێزراوی ناو نەهێنرێن لەئایندەدا، زۆر گرنگە مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكان بكەن وەك خۆیان نەك بكەونە ژێر تەوژمی تەخوین و یەكتر قبووڵ نەكردن كە لە ئێستادا بووەتە دیاردە و هەركەسێك بیروڕای نەگونجا لەگەڵ ئەویتر، ئەوە دووچاری پەلامار و تەشهیركردن دەبێتەوە، ئەوەش سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مامەڵە و سیاسەتە نەرێنییانەی دەیانەوێت بكرێتە كولتوور و دابونەریت كە ماوەی چەند ساڵێكە بەرنامەڕێژیی بۆ كراوە لەلایەن كەسانێك كە جگە لە بەرژەوەندیی كەسیی، هیچی تریان بەلاوە گرنگ نییە ئەگەر نیشتمانفرۆشی و خودفرۆشیش بێت.

هەموان باش ئاگاداری دۆخی هەرێمین بەهەموو باشی و خراپەكانیەوە، ڕۆژگارێك هەبووە لەوەی ئێستە خراپتر بووە، هەمیشە گەلەكەمان ئومێدیان بۆ سەربەخۆیی لە دەست نەداوە و بوێریی نەخێر یان بۆ جیابوونەوە نەكردووە، ڕەنگە زۆرێكیان لەگەڵ حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكان بووبن، بەڵام وەك ئەوەی ئێستە و بەبەرچاوی هاووڵاتییان لە كەناڵەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دژایەتی خەباتی كوردی نەكراوە و داوای یەكپارچەیی عێراق نەكراوە، هەرچەندە بەڕای من و زۆربەی شارەزایان، ئەوانەی داوای یەكپارچەیی عێراق دەكەن، هەمیشە بەرژەوەندییە كەسییەكان دەبێتە هاندانیان بۆ ئەوەی هانی خەڵكی بدەن و بیانگەوجێنن، ئەگەر وا نییە، فەرموون واز بهێنن لە بەرژەوەندی كەسی و بێنەوە ناو گەل، ئەوكات چی دەڵێن هەمووان لەگەڵتانن. 

هەرچەندە بۆ ئێمە دڵنیاییە كە واز ناهێنن لە بەرژەوەندییەكانتان، هیوادارم هەمووان بگەنە ئەو فكرەیەی فریو دەدرێن نەك لە دڵسۆزی وخەمخۆرییانە، وەها خۆیان خەریكی گەوجاندن و خۆڵكردنە چاوی خەڵكن، هەمیشە بەناوی نیشتمان و بوونی گەندەڵی لە هەوڵی بەلاڕێدابردنی خەڵكدان كە تا ڕادەیەك ئەم كارەیان سەركەوتوو بووە، بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە هەمیشە ئەوانە دۆڕاو بوون كە كەمینە بوون و ویستوویانە سەربكەون بەسەر زۆرینەدا، هیوادارم هەمووان لەوە بگەن كوردبوون شانازییە و بەهەموو كەسێك نابەخشرێت.