هاوڕێ چۆمانی
له پێناسه‌یه‌كی ساكار بۆ یاسا ده‌توانین بڵێین، یاسا بریتییه له كۆمه‌ڵێك بنه‌مای كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ رێكخستنی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان تاكه‌كان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه‌وه دێته داڕشتن. یاسا سیفه‌تی پابه‌ندبوونی هه‌یه و هه‌ر ئه‌مه له‌گه‌ڵ بنه‌ما ره‌وشتی و زۆرجاریش بنه‌ما ئاینییه‌كان جیای ده‌كاته‌وه.
یاسا دانراوه‌كان كه له‌لایه‌ن كه‌سانی سروشتی داده‌نرێن به‌و سیفه‌ته‌ی ئه‌وان شه‌رعیه‌تی یاسادانیان هه‌یه و رێگه‌پێدراون بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، بۆیه كاتێك یاسادانه‌ران هه‌ڵده‌ستن به دانانی یاسا رووبه‌ڕووی به‌رپرسیارێتی ده‌بنه‌وه، چونكه به‌هۆی ئه‌وانه‌وه ئاینده‌ی جه‌ماوه‌ر دیاری ده‌كرێت ئینجا زۆرجار ئه‌و یاسایانه چاكن و ره‌نگیشه یاساكان یاسای خه‌راپ بن و بۆنی سته‌می لێ بێت كه له‌م باره‌دا پێویسته یاسادانه‌ر یاساكه‌ی به پڕۆژه‌یاسایه‌كی گونجاوتر و باشتر هه‌موار بكاته‌وه.
هیچ یاسادانه‌رێك ناتوانێت یاسایه‌ك دابڕێژێ بۆ هه‌موو سه‌رده‌م و كات و شوێنێك گونجاو بێت، چونكه نه‌ریت و عه‌قڵییه‌ت و تێگه‌یشتنی تاك شایه‌نی گۆڕانن، كاری یاسادانه‌ر به پله‌ی نایاب ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ گۆڕانكاری هزری تاكه‌كان بگۆڕێت، ئه‌گه‌ر وای نه‌كرد، ره‌نگه له ئه‌گه‌ری گۆڕینی سیسته‌می حوكم به رێگه شه‌رعییه‌كان، رێی ناشه‌رعی وه‌ك كوده‌تا و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه بگردرێته به‌ر.
ئه‌گه‌ر یاسا رۆحی كۆمه‌ڵگه بێت، بێگومان بابه‌تی هه‌مواركردنه‌وه هه‌ناسه‌دانی كۆمه‌ڵگه‌یه، چونكه به هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌قه یاسایییه‌كان رۆحێكی نوێ دێته‌وه به‌ر كۆمه‌ڵگه و چالاكی و توانستی كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر ده‌بێ. جگه‌له‌وه، سیمایه‌كی پێشكه‌وتووخوازانه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه پیشانی ده‌ره‌وه ده‌دات.
ئێسته یاسادانه‌ران روونتر بڵێین ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكان ئه‌گه‌ر خۆیشیان مه‌عریفه‌یه‌كی زۆریان له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه نه‌بێت كه به‌نیازی هه‌مواركردنه‌وه‌ین، ئه‌وا ده‌توانن سوود له پڕۆژه و بۆچوونی كه‌سانی تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و بواره وه‌ربگرن، یا ده‌كرێت په‌نایان بۆ ببه‌ن. چونكه به‌مه ئه‌و ئه‌ركه به ئه‌رێنی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن كه له‌سه‌ریانه، یاسا و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسا دابڕێژن.
ئه‌گه‌ر یاسادانه‌ران خۆیان دركیان به به‌سه‌رچوونی ئه‌و یاسایه نه‌كرد كه به‌ركاره و لایه‌نه خراپییه‌كانی زۆرتر بوون له لایه‌نی باشیی، ئه‌ركی رای گشتی و بزاڤه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه پاڵه‌په‌ستۆ بخه‌نه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و هانیان بده‌ن به هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه. له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئاستی هۆشیاری تاكه‌كانی به‌رزه، ئه‌وه‌نده‌ی باسی هه‌مواری یاسای ده‌ستووری ده‌كرێت، قسه له‌سه‌ر هه‌مواری یاسا ئاسایییه‌كان نییه، ئه‌وه‌ش گه‌واهیده‌ری ئه‌وه‌یه تاك بۆ ئازادی و مافه‌كانی به ته‌نگه‌وه‌ن، چونكه یاسای ده‌ستووریی دایكی یاساكانه و مسۆگه‌ركردنی مافه‌كان له یاسای ده‌ستووریی پارێزراوتر و به‌هێزتره وه‌ك له هی یاسا ئاسایییه‌كان.
ئه‌گه‌ر به‌خێرایی چاو بخشێنین به رۆڵی په‌رله‌مانی كوردستان به بابه‌تی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكان، ناتوانین بڵێین یاسادانه‌ری كوردستان زۆرباش بووه، چونكه زۆر یاسا هه‌ن هی سه‌رده‌می حكوومه‌ته‌كانی پێشووی عێراقن و بۆ ئه‌م بارودۆخه نه‌گونجاون و ترسناكن بۆ ماف و ئازادییه‌كان و تا ئێسته‌یش یاسادانه‌ری كوردستان به بوێرییه‌وه خۆی له هه‌مبه‌ر ئه‌و پرسه یه‌كلا نه‌كردووه‌ته‌وه.