سەرۆك بارزانی نامه‌یه‌ك بۆ سیستانى ده‌نێرێت

:: PM:12:25:17/01/2020 ‌
دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ به‌فه‌رمى نووسینگەی‌ عەلی‌ سیستانی‌ مەرجەعی‌ باڵای‌ شیعەكانی‌ عێراق په‌یامێكی‌ له‌باره‌ی‌ سەركەوتنی نەشتەرگەرییەكەی سیستانی  بڵاو كرده‌وه‌، سەرۆک بارزانی لە هەواڵی تەندروستی سیستانی دەپرسێت.

سەرۆک بارزانی لە هەواڵی تەندروستی سیستانی دەپرسێت
ئەمڕۆ هه‌ینى 17ی کانوونی دووەم، بارەگای بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، "لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی نەخۆشی مەرجەعی گەورەی شیعەكان ئایەتوڵڵا عوزما سەماحەتی سەید سیستانی، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەم 16ی كانوونى دووه‌م، سەرۆك مەسعوود بارزانی پەیامێكی بۆ ماڵباتی سەماحەتی سەید سیستانی و مەقاماتی مەرجەعییەت نارد."

"لەو پەیامەدا سەرۆك بارزانی هەواڵی تەندروستی سەماحەتی سەید سیستانی پرسی و لە خودای مەزن هیوای شیفا و چاكبوونەوەی خێرای سەماحەتی سەید سیستانی خواست"، لە راگەیەنراوەکەدا وا نووسراوە.

هاوكات ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی سه‌رۆك بارزانی له‌ ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ پێوه‌ندی به‌ سه‌ید محه‌مه‌د ڕه‌زا كوڕی عه‌لی سیستانی كرد و له‌ هه‌واڵی ته‌ندروستی باوكی پرسیوه‌ و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ و ته‌ندروستی باشتری بۆ خواست.


لە دوای 2003 و دروستبوونی حكوومەت یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەف بە بەردەوام قسەی یەكلاكەرەوەی هەبووە لە چارەسەركردنی كێشە گەورەكانی عێراق، بەوپێیەی شیعە پێكهاتەی زۆرینە لە عێراق پێكدێنن، هاوكات توانیویەتی ناوماڵی شیعە و پێوەندییەكانی لەگەڵ پێكهاتەكانی تری عێراق رابگرێت، ئەگەرچی لەلایەن ئێرانەوە لە رێگەی باڵەكانیەوە تووشی بەربەركانی هاتووەتەوە، ئەوش وای كردووە كە زۆرجار بایكۆتی دیداری سیاسەتوانی شیعە بكات.


وشە - محەمەد میران