هاوپه‌یمانانی ئیسرائیل داوا له ته‌لئه‌بیب ده‌كه‌ن وه‌ڵامی هێرشه مووشه‌كی و درۆنییه‌كه‌ی ئێران نه‌داته‌وه و له‌م ئاسته‌ی ئێسته پێكدادانه‌كانیان ڕابگرن، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وه‌زیره توندڕه‌وه‌كانی كابینه‌ی جه‌نگ داوا له بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆكی كابینه‌كه ده‌كه‌ن، وه‌ڵامێكی خێرا و توندی ئێران بدرێته‌وه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 15ی نیسان پێگه‌ی ''
نیویۆرك تایمز'' ئاشكرای كرد، نه‌ته‌نیاهۆ له ئه‌نجامی هێرشه‌كه‌ی ئێران دووچاری دوڕیانێك بووه‌ته‌وه، تێیدا وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی ئێران وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانێكی بێ هێز پێشانی ده‌دات، وهڵامدانهوهیشی ئیسرائیل ده‌خاته ناو جه‌نگێكی هه‌رێمی و حه‌ماس كێشه‌ی زیاتر بۆ سوپای ئیسرائیل دروست ده‌كات له غه‌زه.
ئێسته ژیان له ئێران و ئیسرائیل ئاسایی بووه‌ته‌وه، دوێنێ كابینه‌ی جه‌نگی ئیسرائیل كۆبووه‌وه و تاوتوێی هه‌نگاوی دوای هێرشه‌كه‌ی ئێران كرا، به‌ڵام لایه‌نه‌كانی كابینه‌ی جه‌نگ له‌سه‌ر شێوازی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی سه‌ربازی دژ به ئێران نه‌كه‌وتنه ڕێككه‌وتن، حه‌وت وڵاته گه‌وره‌كه‌ی ڕۆژئاوا داوا له ئیسرائیل ده‌كه‌ن ددان به خۆیدا بگرێت و خۆی له هێرشكردنه سه‌ر ئێران بپارێزێت، وا بڕیاره ئه‌مڕۆ كابینه‌ی جه‌نگ بۆ جارێكی تر كۆببێته‌وه و بڕیار له‌سه‌ر جۆری وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئیسرائیل دژی تاران بدرێت.
وه‌ڵامی ئیسرائیل بۆ ئێران یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌بێت و شه‌ڕی غه‌زه ده‌خاته قۆناغێكی نوێوه، حه‌ماس و نه‌ته‌نیاهۆ هه‌ردووكیان خوازیارن شه‌ڕه‌كه گه‌وره‌تر بێت و له كه‌رتی غه‌زه قه‌تیس نه‌مێنێت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ڕۆژئاوا ترسی له به‌هێزبوونی زیاتری ڕووسیا و چین هه‌یه و ئێسته ئاماده نین بۆ هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕێكی سه‌رانسه‌ری له‌گه‌ڵ ئێران.