دروستكردنی دۆشاوی تەماتە فێر بە و یارمەتی گیرفانی خۆت و جووتیاران بدە

:: PM:02:23:08/07/2020 ‌
ئەمساڵ زۆریی بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی كوردستان لە لایەك و بەربەستەكان لە بەردەم هەناردەی بەرهەمەكە، هۆكار بووە لەوەی نرخەكەی بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزێت و سندووقێك تەماتە كە 15 تا 30 كیلۆگرامی تێدایە بە هەزار و 500 دینار بفرۆشرێت.

یەكێك لە هۆكارەكانی هەڵكشانی نرخی تەماتە و یارمەتیدانی جووتیاران بۆ ئەوەی زیانێكی كەمتریان بەربكەوێت و نرخی بەرهەمەكەیان بەرز بێتەوە، ئەوەیە داخوازی لەسەر بەرهەمەكە بەرز بكرێتەوە. لەم رۆژانە كە هیچ ئومێدێك نییە تەماتەی كوردستان بۆ شوێنی تر هەناردە بكرێ، ئەركی سەرەكی هاووڵاتییانە بە كڕینی بەرهەمی زیاتری تەماتە هاوكاریی جووتیاران بكەن.

لەوانەیە پرسیاری ئەوە بكرێ هاووڵاتی چی لەو بڕە زۆرە تەماتەیە بكات لە كاتێكدا رۆژانە كیلۆیەك تا دوو كیلۆ تەماتەی پێویستە، بەڵام لە خوارەوە رێیەكتان پێ پێشان دەدەین كە هاووڵاتی دەتوانێت بەم هەنگاوە سوود بە خۆی و بە جووتیارانی وڵاتەكەشی بگەیەنێت.

ئاشكرایە هەموو ماڵێك پێویستی بە ئاو یان دۆشاوی تەماتە هەیە و ماركێتەكان پڕن لە بەرهەمی دۆشاوی تەماتەی ئێرانی و توركی، هیچ خێزانێك نییە رۆژانە پێویستی بەم بەرهەمە خۆراكییە نەبێت.
دروستكردنی دۆشاوی تەماتە ئەوەند ئاسانە هەموو كەسێك لە ماڵەكەی خۆی دەتوانێت دروستی بكات

دروستكردنی دۆشاوی تەماتە ئەوەند ئاسانە هەموو كەسێك لە ماڵەكەی خۆی دەتوانێت دروستی بكات، ئەوانەی پێیان وایە دروستكردنی دۆشاوی تەماتە قورسە، لە خوارەوە بە وردی شێوازی دروستكردنی دۆشاوی تەماتە دەخەینەڕوو.

بۆ گۆڕینی 10 كیلۆگرام تەماتە بۆ دۆشاوی تەماتە، پێویستیمان بە دوو لیتر ئاو، 40 گرام خوێ، 100 گرام رۆن هەیە.

دوای شووشتنی تەماتەكان و وردكردنیان، دەخرێنە ناو مەنجەڵێك كە پێشتر دوو لیتر ئاوی تێ كراوە، دواتر دەخرێتە سەر ئاگر بۆ ئەوەی تەماتەكە بە باشی لە توێكڵەكەی جیا دەكرێتەوە. پاشان كە زانرا توێكڵەكە جیا كراوەتەوە، دەپاڵیورێت و تەنیا ئاوەكە دەهێڵرێتەوە و دووبارە لەسەر ئاگر دادەنرێت تا بە تەواوی خەست دەبێت.

كاتێك ئاوی تەماتە خەست دەبێت، دەبێ كەسەكە بەردەوام ئاگای لێ بێ دۆشاوەكە بە بنی مەنجەڵ نەسووتێت و بە لێكدانی یارمەتی ئەوە بدات زیاتر خەست ببێتەوە.

دەبێ كەسەكە بەردەوام ئاگای لێ بێ دۆشاوەكە بە بنی مەنجەڵ نەسووتێت
كە تەماتەكە بە تەواوی خەست بووەوە و شێوەی وەك ئەو ئاوە تەماتەیەی لێ هات لە بازاڕەكاندا هەیە، رۆنەكەی لەگەڵدا تێكەڵ دەكرێت و دواتر كەمێكی تر دەكوڵێنرێت، دوای ساردبوونەوەی، دەخرێتە ناو  قوتووی شووشە و بە مەبەستی بەكارهێنان دەخرێتە ناو سەلاجەوە.



وشە - سلێمان تاشان