به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌بای ھه‌ولێر ده‌ڵی، ئه‌م ھاوینه دۆخی كاره‌با له ھه‌رێمی كوردستان باشتر ده‌بێت و ئێسته 14 سه‌عات كاره‌با به‌گشتی ده‌درێت و بڕیاره 250 مێگاواتی تریش زیاد بكرێت.
250 مێگاوات کارەبای تر بەرهەم دەهێنرێت
ئه‌مڕۆ شه‌موو 11ی ته‌مووز، حوسێن حه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌بای ھه‌ولێر به "وشه"ی راگه‌یاند، ئێسته له سنووری پارێزگای ھه‌ولێر به شێوه‌یه‌كی گشتی رۆژانه 14 سه‌عات كاره‌بای نیشتمانی بۆ ھاووڵاتییان دابین ده‌كرێت، به‌رده‌وامیش له ھه‌وڵداین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م وه‌رزی ھاوینه له ھاوینی ڕابردوو باشتر بێت و سه‌عاته‌كانی كاره‌با زیاد بكرێت، بۆیه ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با زیادی كرد و خواست له‌سه‌ر كاره‌با له‌مه زیاتر نه‌بێت، سه‌عاته‌كانی كاره‌با زیاتر ده‌بێت.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، بڕیاره 150 مێگاوات كاره‌بای وێستگه‌ی خه‌بات زیاد بێت و 100 مێگاواتی وێستگه‌ی غازی ھه‌ولێر زیاد بێت، ھه‌ر كاتێك ئه‌وه زیاد بێت دۆخی كاره‌باش باشتر ده‌بێت، بۆیه حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان له ھه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وامه بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی كاره‌با له كوردستان باشتر بێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌بای ھه‌ولێر دووپاتی ده‌كاته‌وه، ھه‌ر زیادبوونێك له به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له ھه‌رێمی كوردستان، دۆخی كاره‌با باشتر ده‌كات، ئێسته وه‌زاره‌تی كاره‌با له ھه‌وڵی زیادكردنی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بایه بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی كاره‌با باشتر بێت.