دوایین زانیاری لەبارەی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە

:: PM:10:07:12/07/2020 ‌
 
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، بەپێی چاكسازی كە راگەیەندراوە، مووچەی خانەنشینانی هێزەكان وەزارەتی پێشمەرگە دەخرێتە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری، جێگری سەرۆك ئەركانیش دەڵێت، لیژنەی فراوان دروست كراوە و خانەنشینانی پێشمەرگە دەگوازرێنەوە.
تەواوی خانەنشینانی پێشمەرگە دەچنە سەر وەزارەتی دارایی
ئەمڕۆ یەكشەم 12ی تەمووز، فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی یاسای چاكسازی لە هەرێمی كوردستان یاسای ژمارە دووی ساڵی 2020 دەرچووە، كە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كراوە، یەكێك لە خاڵەكان رێكخستنەوەی مووچەی خانەنشینانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت.

زیاتر گوتی، بەپێی چاكسازییەكە تەواوی خانەنشینانی وەزارەتی پێشمەرگە و كەمئەندامان دەخرێنە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی.

لای خۆیەوە، لیوا قارەمان كەمال، جێگری سەرۆك ئەركانی وەزاەتی پێشمەرگە بە "وشە"ی راگەیاند، تەواوی مەلەفی خانەنشینانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەردوو یەكەی 70 و 80، دەچێتە سەر وەزارەتی دارایی و لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە نامێنن و دەست بە كاركردن كراوە  و لەهەر شوێنێك مەلەفی تایبەت بە پێشمەرگە و خانەنشنینی بێت كاری لەسەر دەكرێت.

روونی كردەوە، لیژنەیەكی فراوان و تایبەتمەند لە هەموو لایەنە پێوەندیدارەكان دروست كراوە و نوێنەری  وەزارەتی دارایی و پێشمەرگە و هەردوو هێزەكەی تیادایە و چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، وەك بەغدای لێ دێت و لەمەودوا هەرچی خانەنشینی بێت، دەگوازریێنەوە سەر وەزارەتی دارایی و لەسەر پێشمەرگە و هێزەكانی 70 و 90 نامێنن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل