حزبی سۆسیالیست پشتیوانی پەیامەكەی مەسروور بارزانی دەكات

:: PM:03:50:23/09/2020 ‌
دوای پەیامەكەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەبارەی دۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، حزبی سۆسیالیست پشتیوانی خۆی بۆ پەیامەكەی دەربڕی و دەڵێ، بەو پەیامە هاووڵاتییانی كورد ئومێدیان بۆ دەگەڕێتەوە.
پەیامەكەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بووەتە جێی خۆشحاڵی هاووڵاتییانی كورد لەو ناوچانە

ئەمڕۆ چوارشەم 23ی ئەیلوول، بەختیار كەریم گوتەبێژی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هێزی پێشمەرگەی كوردستان قوربانییەكی زۆریان داوە بۆ ئەوەی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بپارێزن و بیخەنەوە سەر هەرێمی كوردستان، كوردی ئەو ناوچانەش قوربانی زۆریان داوە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، جێی دەستخۆشییە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەیدا پێداگری لە پاراستنی خەڵك و خاكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەكاتەوە، كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان بەشێكی دانەبڕاون لە هەرێمی كوردستان، ئێمەش وەك حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان قوربانیمان بۆ ئەو ناوچە كوردییانە داوە و پڕۆژەشمان هەیە بۆیان.

"پەیامەكەی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان ڕوونە، پێداگری لە پاراستنی خەڵكی ئەو ناوچانە دەبێت بە دەستووری عێراق و پڕۆژەی سیاسی خۆشمان فشار لەسەر حكوومەتی عێراق دروست بكەینە  بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، لە ماوەی ڕابردوو شاڵاوێكی گەورەی بەعەرەبكردن و داگیركردنی زەوی و موڵكی خەڵكی كوردی ئەو ناوچانە دەستی پێ كردووە". بەختیار كەریم وای گوت.

گوتەبێژی حزبی سۆسیالیست دەڵێ، پێویستە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان پشتیوانی پەیامەكەی سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانی بكەن، چونكە ئەم پەیامە دەبێتە ئاگاداركردنەوە بۆ حكوومەتی عێراق لەوەی خەڵكی كورد بێ پشتوپەنا نین، كابینەی حكوومەتی مەسروور بارزانی پێداگری لەوە دەكات، دەبێ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان.

دووپاتی دەكاتەوە، پەیامەكەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بووەتە جێی خۆشحاڵی هاووڵاتییانی كورد لەو ناوچانە، سەرۆكی وەزیران بە فەرمی پشتیوانی مافەكانیان دەكات و دڵنیایان دەكاتەوە لەوەی حكوومەتی هەرێم هەموو ڕێكارێك دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی گیان و سەروماڵیان و ئیتر ڕێ نادرێت سووكایەتییان پێ بكرێت و موڵك و ماڵیان داگیر بكرێت و عەرەب لە شوێنیان نیشتەجێ بكەن.

هەڵەبجە / عەزیز هەورامی 



وشە - هیدایه‌ت جان