رێزان شێخ دلێر: ئەوەی لەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن باس دەكرێت راست نییە

:: PM:04:20:27/09/2020 ‌
پەرلەمانی عێراق ماوەی دوو رۆژە كۆبوونەوە لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان دەكات بۆ ئەوەیە بگاتە ئەنجام، بە چ شێوەیەک هەڵبژاردن بكرێـت، پەرلەمانتارێكیش رای دەگەیەنێت، زۆرینە كوتلە سیاسییەكان داوای فرە بازنەییان دەكرد، بەڵام مشتومڕەکە لەسەر جۆر و شێوەی فرەبازنەییە.

ئەمڕۆ یەكشەم 27ی ئەیلوول، رێزان شێخ دلێر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو زانیارییانەی باس لە ژمارەی بازنەكانی هەڵبژاردن دەكەن کە گۆیا سەروو 100 بازنەیە راست نییە، لەبەر ئەوەی ئێمە باسی بازنەی ناوەند دەكەین، هەروەها جۆر و شێوەی فرەبازنەكە.

كوردیش هەڵبژاردنی بەو شێوەیە پێی باش نییە

 روونی كردوە، لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان زۆرینە كوتلەكان داوای فرە بازنەیی تەواوایان دەكرد، بەڵام نەك بەو شێوەیە، بەڵكو بازنەی ناوەندی وەربگیرێت.

"دەبێ هەموو عێراقیش یەك حیسابی بۆ بكرێت نەك شوێنك لە شوێنێكی تر جیاواز بێت، دەبێ تا  10ی ئۆكتۆبەر لە هەموو پارێزگاكان ئەوەی بازنەكانی خۆی دیاری نەكردووە، دیاری بكات" رێزان شێخ دلێر وای گوت.

لەبارەی هەڵوێستی كورد لە پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەو پرسە، رێزان شێخ دلێر گوتی، هیچ رێككەوتنێك نییە، بەڵام بە كردار هەمان بۆچوونمان هەیە لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردن. 

هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ناكۆكی تەواوی خستووەتە نێوان لایەنەكانی سونە و شیعە، كوردیش هەڵبژاردنی بەو شێوەیە پێی باش نییە. 



وشە - زریان تەها