زانكۆى كۆیه‌ خوێندن لەناو كەمپ دەست پێ ده‌كاتەوە

:: PM:03:08:30/09/2020 ‌
سەرۆكایەتی زانكۆی كۆیە بڕیاریدا خوێندن لەناو كەمپی زانكۆكە دەست پێ بكاتەوە، بەوەیش دەبێتە یەكەم زانكۆ لەسەر ئاستی هەرێمى كوردستان كە بڕیاری لەو شێوەیە بدات.  

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 30ى ئه‌یلوول، وەلی مه‌حموود سەرۆكی زانكۆی كۆیە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشکرای کردووە، دوابەدوای وەرگرتنی ڕەزامەندی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بریارمان دا بە دەست پێ كردنەوەی خوێندن لە ڕۆژی یەكشەم، چواری تشرینی یەكەم لە زانكۆمان بە گەڕانەوەی قوتابیان بۆ ناو كەمپ. 

روونکراوەتەوە، قوتابیان بەسەر گرووپی بچووك بچووكدا دابەش دەكرێن بە ڕەچاوكردنی كۆمەڵێك رێكاری توندی تەندروستی و پابەندبوون بەو بنەمایانەی وەزارەت بۆ دەست پێ كردنەوەی خوێندنی ساڵی نوێی خوێندن (2020 - 2021)ی كە بە نووسراویان ژمارە 8728 لە 27ی ئەیلوول بۆ گشت زانكۆ و پەیمانگا حكوومی و تایبەتەكان، دەریكردووە.

سەرۆكی زانكۆی كۆیە باسی له‌وه‌كردووە، زانكۆكەیان پێڕەوی خوێندنی (blended learning) دەكات بۆ تەواوكردنی پرۆگرامی خوێندنی ئەمساڵ لە گشت بەشە زانستییەكان، ئەگەر ھەر حاڵەتێكی نەخوازراو ھاتە پێش بەشەكان لەكاتی پێویست قوتابیان لە چۆنیەتی پێڕەوكردنی ئەو سیستمە ئاگادار دەكەنەوە.  


وشە - محەمەد میران