كاتی كارابوونی زانكۆلاین ڕاگەیەنرا

:: PM:01:38:03/10/2020 ‌
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕای دەگەیەنێت، لەم هەفتەیەوە دەرچووانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی دەتوانن وشەی تێپەڕ و نهێنی "پاسۆرد و یوزەرنەیم" لە قوتابخانەكان وەربگرنەوە.

ئەمڕۆ شەموو سێی تشرینی یەكەم، عەباس ئەكرەم گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشكرای كردووە، دوای هەوڵەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەت و ناوەندی وەرگرتنی قوتابیان، وشەی تێپەڕ و نهێنی "پاسۆرد و یوزەرنەیم" بۆ سەرجەم دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی ئامادە كرا و هەر دوێنێش ڕەوانەی وەزارەتی پەروەردە كرا.

پێویستە دەرچووان بە باشی پاسۆرد و یوزەرنەیمەكانیان بپارێزن 
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لە دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی دەكات لەم هەفتەیەوە دەتوانن سەردانی قوتابخانەكانیان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی وشەی تێپەڕ و نهێنی "پاسۆرد و یوزەرنەیم".

باسی لەوەش كردووە، پێویستە دەرچووان بە باشی پاسۆرد و یوزەرنەیمەكانیان بپارێزن، چونكە دواتر لەڕێی ئەو پاسۆرد و یوزەرنەیمە دەتوانن زانكۆلاین پڕ بكەنەوە.

لەبارەی كاراكردنی زانكۆلاین بۆ دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕای گەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا زانكۆلاین بۆ دەرچووان كارا دەكرێت و پێش كاراكردنیشی لە ڕاگەیەنراوێكی رۆژنامەوانیدا وردەكارییەكەی بۆ دەرچووان دەخرێتەڕوو.



وشە - رامیار جەواد