هه‌ندێ ڕۆژ كاری زۆرت هه‌یه و هیوا ده‌خوازیت كه كات درێژتر ببێته‌وه تا بتوانی هه‌موو كاره‌كان ئه‌نجام بده‌یت، له‌وانه‌یشه به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ گله‌یی بكه‌یت و بپرسی بۆچی ڕۆژ به‌سه‌ر 24 سه‌عات دابه‌شكراوه و زیاتر نه‌بووه، هه‌ندێجاریش ده‌ته‌وێ كات خێرا بڕوا و ڕۆژ به‌ره‌و ته‌واوبوون بچێ، دیسانه‌وه له ناخه‌وه نیگه‌رانی له‌وه ده‌رده‌بڕیت، كه بۆچی ڕۆژ كه‌متر له
24 سه‌عات نه‌بوو؟ كه‌واته كێ به‌رپرسه له دیاریكردنی شه‌و و ڕۆژ به‌سه‌ر 24 سه‌عات ئه‌مه له كوێوه هاتووه و مانا و نهێنییه‌كانی پشت ژماره 24 چییه كه سه‌عاته‌كانی ڕۆژی به‌سه‌ردا دابه‌شكرا؟
بۆ یه‌كه‌مجار میسڕییه كۆنه‌كان كاته‌كانیان دابه‌شكردووه، به‌ڵام شه‌و ڕۆژیان به‌سه‌ر سێ به‌ش دابه‌شكردووه، 10 سه‌عات ڕۆژ، 10 سه‌عات شه‌و و دوو سه‌عاتیش بۆ گۆڕین له دۆخی ڕۆژه‌وه بۆ شه‌و، له شه‌وه‌وه بۆ ڕۆژ، واته سه‌عاتێك بۆ خۆرهه‌ڵاتنی به‌یانیان و سه‌عاتێكیش بۆ خۆرئاوابوونی ئێواران، به‌مشێوه‌یه كۆی ڕۆژ كراوه‌ته 22 سه‌عات، به‌ڵام به پێوانه‌ی سه‌عاتی لمی و ئاوی.
پێوانه‌یه‌ك هه‌یه بۆ بیریار و كه‌سانی ژیر له بواری زانست و توێژینه‌وه‌دا، كه ئه‌ویش بریتییه له به‌رده‌وام ده‌ربڕینی پرسیاری بۆچی به‌رانبه‌ر به‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه ئێسته له‌سه‌ر زه‌وی ڕێكخراون، بۆچی 24 سه‌عات، بۆچی خه‌وتن بۆچی مه‌رگ، بۆچییه‌كان له‌لای كه‌سانی ژیر هه‌رگیز كۆتاییان نایه‌ت، كه‌واته ئه‌وانه‌ی پرسیاری بۆچی له‌باره‌ی دابه‌شكردنی ڕۆژ به‌سه‌ر 24 سه‌عات ده‌كه‌ن، ئه‌وا ده‌توانن وه‌ڵامه‌كه‌یان ده‌ست بكه‌وێ و چیتر بێ وه‌ڵام نه‌مێننه‌وه.
ميسڕییه‌كان یه‌كه‌مجار شه‌و و ڕۆژیان به‌سه‌ر دوو به‌شی كاتی جیاواز دابه‌شكرد
وه‌ك باسكرا، میسڕییه‌كان یه‌كه‌م گه‌ل بوون كه كاته‌كانی ڕۆژیان دابه‌شكردووه و پێوه‌ر و پێوانه‌یان بۆ داناوه، له‌وكاته‌ی ته‌نیا كاتژمێری لمی و ئاوی بوونی هه‌بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا ئه‌و دابه‌شكردنه‌ی ئه‌وان كردوویانه به گوێره‌ی جووڵه‌ی ئه‌ستێره‌كان و ده‌ركه‌وتنیان بووه له ئاسمان، كه ناویان ناون ده‌یانه‌كان، چونكه توانیویانه زیاتر له 36 گرووپی جیا جیای ئه‌ستێره‌كان جووڵه‌كانیان پێوانه بكه‌ن، بۆیه ساڵی میسڕیش بریتی بووه له 360 هه‌فته و هه‌ر هه‌فته‌یه‌كیش دابه‌شكراوه، له‌هه‌ر شه‌وێكی هاوینیش 12 ئه‌ستێره‌ی ده‌یانی بینراوه، به‌ڵام له زستان بووه به 11، ئه‌مه‌یش به‌هۆی جیاوازی ڕووناكی و توانای بینینی ئاسمانه له نێوان هاوین و زستان، بۆیه دواجار شه‌ویان كردووه‌ته 10 سه‌عات و سه‌عاتێكیش بۆ خۆرهه‌ڵاتن، ڕۆژیشیان به‌سه‌ر هه‌مان شت دابه‌شكردووه‌ته‌وه و كۆی ڕۆژێك بووه‌ته 22 سه‌عاتی لمی یان ئاوی، ئه‌مه‌یش مێژووه‌كه‌ی بۆ ساڵی هه‌زار و 500ی پێش زاینی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
دوای جێگیربوونی ئه‌و دۆزینه‌وه‌ی میسڕ و پێوه‌ستكردنی به ئه‌ستێره و ئاسمان و گه‌ردوونه‌وه، ئه‌مه وایكرد كه گه‌ردوونناسانی شارستانییه‌ته‌كانی تریش بیر له‌و شێوازه‌ی میسڕییه‌كان بكه‌نه‌وه، زۆر شوێنیش هه‌مان سیسته‌میان پێڕه‌و كرد، به‌ڵام دواجار گه‌ردوونناسی گه‌وره‌ی یۆنانی هیپارخۆس توانی وردتر پێوانه‌ی ئه‌ستێره‌كان و چاودێری ئاسمان بكات و ڕۆژ و شه‌وی به‌سه‌ر 24 سه‌عات دابه‌شكرد، ئه‌مه‌ی ئێسته‌یش هه‌یه له‌وكاته‌وه دۆزراوه‌ته‌وه و هیچ گۆڕانكارییه‌كی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه و مرۆڤایه‌تی تا ئێسته‌یش له‌سه‌ری ده‌ڕوات.
هیپارخۆس زۆر به وردی توانی پێوانه‌ی جووڵه‌ی هه‌ساره‌كان بكات و ئه‌ستێره‌كان به ڕوونی بدۆزێته‌وه و له هه‌ر كاتێكی ساڵ جووڵه‌كانیان تۆمار بكات، به گوێره‌ی بیرۆكه‌كه‌ی ئه‌میش، گه‌ردوون له هه‌شت هه‌ساره و چوار كۆمه‌ڵه ئه‌ستێره‌ی هه‌میشه‌یی پێكهاتووه، كه كۆی سه‌رجه‌میان ده‌كاته 12 و ئیتر ئه‌مه بۆ شه‌و دیارییكرا و دواتریش به خه‌مڵاندن هه‌مان كات بۆ ڕۆژیش دانرا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه له ڕۆژدا بینینی ئه‌ستێره و هه‌ساره‌كان زۆر قورس و ئه‌سته‌متر بوو، به به‌راورد به‌شه‌و، بۆیه ئه‌زموونه‌كه‌ی شه‌وی كۆپی كرده سه‌ر ڕۆژ و ئیتر 24 سه‌عات بوو به پێوانه‌ی نه‌گۆڕی ڕۆژ و شه‌و.
هیپاخۆرسی یۆنانی یه‌كه‌م كه‌س بوو ڕۆژی كرد به 24 سه‌عات و تا ئێسته‌یش وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه
به‌هۆی جیاوازی كاتی شه‌و و ڕۆژ له هاوین و زستان دواتر بیر له‌وه كرایه‌وه ئه‌و سیسته‌مه هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه، چونكه گۆڕانكاری له‌كاتی زستان و هاوین ڕوو ده‌دات، ماوه‌ی شه‌و له زستان زۆرتر و له هاوین كه‌متر ده‌بێته‌وه، به‌ڵام پاشان شاره‌زایان ڕه‌تیان كرده‌وه كه ده‌سكاری سیسته‌می 24 سه‌عاتی ڕۆژێك بكه‌ن و بگره ته‌نیا ئه‌و ژماره كۆتوبه‌نده‌ی كه دانراوه، گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات، واته هاوینان له شوێنی 12 سه‌عات ڕۆژ بێ، له هه‌ندێ شوێن ده‌گات به 14 و زیاتریش، له زستانیش به‌هه‌مانشێوه، له‌سه‌ر هه‌ژماری 12 سه‌عاته‌كان مه‌ودای یه‌كێكیان كورت تر ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه هیچ گۆڕانكارییه‌ك له واده‌ی كار و ئه‌ركه‌كان ناكات و ته‌نیا هاتنه پێشی سه‌عاتێك ده‌بێ له كات له وه‌رزی هاوین دا، كه تا ئێسته‌یش له زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا پێڕه‌و ده‌كرێت.