ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان یەک مەتر و نیو دابەزیووە

:: PM:04:24:15/01/2021 ‌
بەهۆی نەبارینی باران بەپێی پێویست لە ئەمساڵدا کە نیوە کەمتری ساڵی ڕابردوو باریووە لە شارۆکەی دووکان، ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان دابەزیووە و بەڕێوەبەری بەنداوەکەیش ڕای دەگەیەنێت، بەنداوەکە ڕۆژانە 10 ملی مەتر دادەبەزێت.

ئەمڕۆ هەینی 15ی کانوونی دووەم، کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمساڵ ڕێژەی باران بارین لە شارۆکەی دووکان زۆر کەمبووە و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نیوەی کەمتری ساڵی ڕابردوو باران لە ناوچەکە باریووە، ساڵی ڕابردوو هه‌مان كاتى ئێسته‌ سەروو 200  ملم باران باریبوو، ئەمساڵ 110  ملیم باریووە.

زیاتر گوتى، ئێسته‌ ئاستی بەنداوی دووکان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو یەک مەتر و نیو دابەزیووە و کەمتر لە سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە، ساڵی پار ئەمکاتە چوار ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکە بوو بەهۆی باران بارینیشەوە بەردەوام لە زیادبووندابوو.

ڕوونى كرده‌وه‌، ڕۆژانە یەک سانتیم واتە 10 ملیم لە ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان دادەبەزێت، ئەگەر باران بارین بەردەوام بێت زیاتر دادەبەزێت، بەو شێوەیەیش بەردەوام بێ لە هاویندا کاریگەر و گرفت بۆ ناوچەکانی خوار و ناوەڕاستی عێراق دروست دەبێت، چاوەڕێ دەکەین سێ مانگی تر ماوە بۆ باران بارین.

بەنداوی دووکان لە شارۆکەی دووکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی گەورەترین بەنداوە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە شەش ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت و ساڵی 2018 بۆ یەکەمجار دوای 30 ساڵ بەنداوەکە سەرڕێژبوو کە لەو ماوەیەدا ئەو ڕووداوە دووبارە نەبووەتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران