عێراق و ناوچە كوردستانییەكان.. داعش لە چەندان ناوچە هێرشی كرد و قوربانی هەیە

:: PM:05:29:25/02/2021 ‌

ناسەقامگیریی دۆخی تەناهی یەكێكە لە تەنگژە سەختەكانی عێراق، كە تا ئێستە نەیتوانیوە كۆنترۆڵی بكات، لە كەركووك و خانەقین و گوڵاڵە و سنووری شارەدێی مەندەلی، داعش هێرش دەكا و كوژراو و بریندار لە ریزی هێزە عێراقییەكان و داعش هەیە.

حوسێن زاهیدی، فەرماندەی میلشیا شیعەكان لە خۆرئاوای كەركووك، بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕِۆ پێنجشەم 25ی شوباتی 2021، تیرۆریستانی داعش لە ناوچەی قەرتەپەی سنووری پارێزگای كەركووك لە سەنگەرەكانی حەشدی شەعبی نزیك بوونەوە .
دوو چەكداری حەشد بریندار بوون و چەكدارێكی داعش كوژراوە
زیاتر گوتی، پشتر چەكدارانی حەشدی شەعبی وەڵامیان داونەتەوە، بەڵام لەئاكامی دەستڕێژی چەكدارانی داعش، دوو چەكداری حەشد بریندار بوون و چەكدارانی داعشیش كوژراوێكیان هەبووە.

هەر ئەمڕۆ بەگوتەی عەقید یووسف ساڵح، بەڕێوەبەری پۆلیسی دۆمیز لە شاری كەركووك، تەقە لە ماڵی كارمەندێكی ئاسایش كراوە، ئەو بۆ "وشە" گوتی، تەقەكەر نەگیراوە.

 لەلایەكی تر پاش هێرشێكی زەوینی و رووبەربوونەوە لە ناوچەی (ئیسلاح)ی لای گوڵاڵە، ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكان بۆردمانی تیرۆریستانی داعشیان كرد و سێ چەكداری داعش كوژراون، فەلاح محەمەد، لە پۆلیسی گوڵاڵە بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمی داعشەكان بەردەوامە كە لەلایەن فڕۆكەكانەوە كراونەتە ئامانج.

هاوكات چەكدارانی داعش لە ناوچەی (ئیمام وەیس)ی نزیك (سەعدیە)، لە رووبەربوونەوەیەكدا پۆلیسێكیان كوشتووە، بە گوتەی ئەبو مونتەسڕ، فەرماندەی حەشدی شەعبی ئەو چەكدارانە هاتوونەتە سنووری نەفتخانە و ئەوانیش دەستیان بە لێدانی خەندەك كردووە.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل