ژمارەی پاسەوانی بەرپرسە سەربازییەكانی پێشمەرگە دیاری كرا

:: AM:09:35:18/04/2021 ‌
وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرمانێكی وەزاریدا بڕیاری دا، بە دیاریكردنی ڕێژەی پاسەوان و شۆفێری فەرماندەی لیوا و پلەدارەكان، ڕێ بە كەس نادرێت ئیتر پاسەوان و شۆفێر بۆ خۆی دابنێت بەدەر لەم میكانیزمە.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ـی نیسان، بەپێی فەرمانێكی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەی پاسەوان و شۆفێرانی بۆ فەرماندەی لیوا و پلەدارەكان دیاری كردووە و جگە لەو ژمارەی پاسەوان و شۆفێرەی كە لە فەرمانەكە جێگیر كراوە، ڕێ بە كەس نادرێت ئیتر پاسەوان و شۆفێر بۆ خۆی دابنێت بەدەر لەم میكانیزمە.

فەرماندەی لیوا، شەش پێشمەرگەی وەك پاسەوان و شوفێر لەگەڵ دەبێت
لە فەرمانەكەدا ڕوون كراوەتەوە، فەرماندەی لیوا، شەش پێشمەرگەی وەك پاسەوان و شوفێر لەگەڵ دەبێت، موقەدەمی لیوا چوار پێشمەرگەی وەك پاسەوان و شوفێر لەگەڵ دەبێت، فەرماندەی فەوج چوار پێشمەرگەی وەك پاسەوان و شوفێر لەگەڵ دەبێت، جێگری فەرماندەی فەوج دوو پاسەوانی وەك پاسەوان و شوفێر لەگەڵ دەبێت، هەیئەی لیوا دوو پێشمەرگەی وەك پاسەوان و شوفێر لەگەڵ دەبێت.

تەها محەمەد ئەفسەری خانەشین، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕێكخستنەوەی پاسەوانی بەرپرسانی پێشمەرگە زۆر گرنگە، بەتایبەت خۆمان دەمانزانی پێشتر پاسەوانی بەرپرسان بۆ كاری تایبەت بەكار دەهێنران.

ڕوونی كردەوە، پێشمەرگە پێویستە چاكسازی لە ڕیزەكانی بكرێت و بكرێتە هێزێكی ڕێكخراو، ئەوەیش بە مەشقی سەربازی و پابەندبوون و ڕێكارە سەربازییەكان دەكرێ‌.

ئەو فەرمانەی وەزیری پێشمەرگە لە كاتێكدایە، ئێستە چاكسازی بۆ ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كاری لەسەر دەكرێت، هەوڵ دەدرێت ئەو هێزانە بە وەرگرتنی مەشقی سەربازی و لە چەند لیوایەك ڕێكبخرێنەوە.




وشە - رامیار جەواد