فۆڕمی تۆماری كاریگەرییە لاوەكییەكانی ڤاكسینی كۆرۆنا لە كوردستان بڵاو دەكرێتەوە

:: PM:01:01:11/05/2021 ‌
بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی دەرمان لە هەرێمی كوردستان، فۆڕمی تۆماری كاریگەرییە لاوەكییەكانی ڤاكسینی كۆرۆنا لە كوردستان بڵاو دەكاتەوە و داوا لەو كەسانە دەكات كە ڤاكسینیان وەرگرتووە، پڕی بكەنەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 11ـی ئایار، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كۆنترۆڵی دەرمان بڵاوی كردووەتەوە، لەوانەیە دوای وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا، چەند كاریگەرییەكی لاوەكی دەربكەون، هەندێك لە نیشانەكان سووكن وەك سووربوونەوەی شوێنی لێدانی ڤاكسینەكە یان تایەكی كەم، بەڵام لە كاتی روودانی هەر نیشانەیەك كە جێی مەترسی بێت، پێویستە پێوەندی بە پێشكەشكاری خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانەوە بكەیت.

ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ڕوونی كردووەتەوە، فۆڕمێكمان ئامادە كردووە بۆ تۆماركردنی ئەو كاریگەرییە لاوەكییانەی كە دوای وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا روو دەدەن، دوای پڕكردنەوەی فۆڕمەكە، بەپێی توندیی نیشانەكان، پێوەندیتان پێوە دەكەین.

باس لەوەش كراوە، وێنەی باركۆدێك بڵاو دەكەینەوە بە كامێرای مۆبایل سكرینی بكەن و كە باركۆدەكە Webpage و دەبێتەوە و پەنجە بە Webpage دا بگرە بۆ پڕكردنەوەی.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ڤاكسینی بۆ چارەسەر و ڕێگریش دروست كرا، ڤاكسینیش باشترین رێیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە، بەڵام لەكاتی بەكارهێنانی ڤاكسین چەند نیشانەیەكی لاوەكیش دروست دەبن.







وشە - رامیار جەواد