هەڵبژاردنی عێراق.. تووشبووانی كۆرۆنای لە نەخۆشخانەكانن مافی دەنگدانیان نییە

:: PM:05:25:28/09/2021 ‌

كەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئاماژە دەكات كە رێوشوێنی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بنكەكانی دەنگدان وەرگیراوە، دووپاتی دەكاتەوە ئەو نەخۆشانەی بەهۆی كۆرۆناوە لە نەخۆشخانەكانن مافی دەنگدانیان نابێت.

ئەمڕۆ سێشەم جومانە غلای، گوتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق گوتی، كۆمسیۆن رێوشوێنی تایبەتی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ پاراستنی فەرمانبەر و دەنگدەران داناوە، ئەوەیش لە رێگەی پێوەندیكردن لەگەڵ لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی.

زیاتر گوتی، لەو رۆژەدا دەمامك دەبەسترێ و هەموو پێویستییەكانی خۆپارێزی دابین دەكرێت، لەپاڵ بوونی تیمی گەڕۆك لە بازنەكانی دەنگدان بۆ چاودێریكردنی هەر حاڵەتێكی لەناكاو كە روو بدات پێوەست بەو بابەتەوە، سەبارەت بەو تووشبووانەی كۆرۆنا كە لە نەخۆشخانەكان داخڵ خراون، ئەوان مافی دەنگدانیان نییە، چونكە ئەوانە هەڵبژاردن نایانگرێتەوە، بەڵام دەكرێ ئەگەر پێویست بكات، رێگە بە دەنگدانی یارمەتیدەر بدرێت، بە مەرجی پابەندی بە خۆپارێزییەوە. 

بەر لە رۆژێك لە دەنگدان، وێستگە و ناوەندەكان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ تیمەكانی بەرگری شارستانی تەعقیم دەكرێن، جگە لەوەیش فەرمانگەكانی تەندروستی فەرمانبەری ریزكردنی دەنگدەران رادەسپێرێت بۆ تەعقیمكردنی دەستی دەنگدەران بەر لە چوونیان بۆ ناو كابینەی دەنگدانەوە، لەپاڵ تەعقیمكردنی ئامێری لێكۆڵینەوەی ئەلیكترۆنی و قەڵەمەكان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل