سەرۆك بارزانی: سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەندە بە بەهێزبوونی دیموكراسی

:: PM:02:13:24/10/2021 ‌
سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ئۆرلیك شانۆن باڵوێزی كەنەدا لە عێراق كرد، لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا، گفتوگۆ لەبارەی پرۆسەی سیاسیی عێراق و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و قۆناغی دوای هەڵبژاردن ئاڵوگۆڕ كرا.

ئەمڕۆ یەكشەم 24ـی تشرینی یەكەم، سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئۆرلیك شانۆن باڵوێزی كەنەدا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە ئیت دوڤال بەرپرسی نووسینگەی كاروباری باڵوێزخانەی كەنەدا لە هەولێر ئامادە بوو، بیروڕا لەبارەی پرۆسەی سیاسیی عێراق و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و قۆناغی دوای هەڵبژاردن ئاڵوگۆڕ كرا.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی دووپاتی لەوە كردەوە، سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەندە بە بەهێزبوونی دیموكراسی و جێبەجێكردنی هاوبەشی و ڕێزگرتن لە مافی هەموو پێكهاتەكانی عێراق.

لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا هەردوولا دووپاتیان لەسەر پێوەندییەكان و دۆستایەتیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی كەنەدا كردەوە.

پێشتر كەنەدا لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هاوكاری پێشمەرگەی كوردستانی كردووە و مەشقی بە هێزەكانی پێشمەرگە كردووە، ئەوەیش وایكردووە پێوەندییەكی باشی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبێت.




وشە - رامیار جەواد