مشعان جبووری هێرش دەكاتە سەر دادگای باڵا

:: AM:09:06:20/03/2024 ‌
مشعان جبووری سیاسەتمەداری عێراقی، لە دیمانەیەكدا باس لە دادگای باڵای عێراق دەكات كە كاتی خۆی بەهۆی بۆچوونەكانی لەبارەی هاوپەیمانیی سێ لایەنە، ئەو دادگایە ویستوویەتی مافی پەرلەمانتاری لێ وەربگرێتەوە، دواتریش ئەو كارەی كرد.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئادار بڵاوی كردوووەتەوە، ئەوە بە بیری عێراقییەكان دێنێتـەوە كە كاتێك هاوپەیمانیی سێلایەنە لە نێوان رەوتی سەدر و پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی سیادە كرا، سەرۆكی دادگای باڵای عێراق هەڕەشەی لێ كردووە ئەگەر لەو هاوپەیمانییە نەكشێتەوە، مافی پەرلەمانتاریی لێ وەردەگرێتەوە.

مشعان جبووری لە دیمانەی لەگەڵ ئێزگەی "I NEWS" گوتی، ئەوكات نامەیەكیان بۆ ناردووە و تێیدا هەڕەشەی ئەوەیان لێ كردووە ئەگەر واز لە پڕۆژەی هاوپەیمانیی سێلایەنە نەهێنێت، مافی پەرلەمانتاریی لێ وەردەگیرێتەوە، هەڕەشەكە دروست بەناوی جاسم عەمیری سەرۆكی دادگای باڵا بوو.

هاوپەیمانیی سێلایەنە لە دوای وا هەڵبژاردنی عێراق هاتە كایەوە، كاتێك رەوتی سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكە بوو و بۆ دامەزراندنی حكوومەت، هاوپەیمانیی سێلایەنە لە نێوان رەوتی سەدر و پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی سیادە كرا، دواتر لایەنە شیعەكان، دژایەتیی ئەو هاوپەیمانییەیان كرد و دواجار رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی كشایەوە و تەواوی پەرمانتارەكانی دەستیان لەكار كێشایەوە. دواتریش بۆ دامەزراندنی حكوومەتی نوێ، ئیدارەی دەوڵەت پێكهێنرا و محەمەد شیاع سوودانی وەك سەرۆك وەزیران دەستنیشان كرا.

دادگای فیدراڵ لە مانگی ئایاری 2022، مافی پەرلەمانتارییەكان لەڕێی پەرلەمانی عێراقەوە لە مشعان جبووری سەندەوە، ئەویش بەتۆمەتی ئەوەی بڕوانامەی ئامادەیی لە سووریا ساختە كردووە.

رۆژی دووشەم 18ی ئادار، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەیاننامەیەكی لەبارەی دۆخی ئێستەی عێراق و پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێكی تر بڵاو كردەوە.

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونی كردووەتەوە، "لایەنەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتیی نیشتمانی، لە جێبەجێ نەكردنی دەستوور و تەواوی خاڵەكانی ڕێككەوتنی سیاسی و ئیداریی پێكهێنانی كابینەی ئێستەی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسیدا".



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د