"تا هەرێم خاوەنی مەسروور بارزانی بێت هەڕەشەكان كاریگەرییان نابێت و كوردستان بەهێزتر دەبێت"

:: PM:06:12:28/03/2024 ‌

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات كە بڕیارەكانی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بەتەواوەتی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانن، پێشبینی كرد كە لە ئایندەیەكی نزیكدا تەواوی كێشەكان لە هەرێمی كوردستان چارەسەر ببن و هەنگاو بەرەو قۆناغێكی نوێ و دڵخۆشكەر بنرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم سەگڤان سندی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیارەكانی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموویان لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانن و سوود و قازانجێكی باش بە هاووڵاتی و مووچەخۆران دەگات، بەهیوام بە بەردەوام ئەو بڕیارە باش و سوودبەخشانە بدرێت.

روونی كردەوە، پێشبینی دەكەم لە ئایندەیەكی نزیك تەواوی كێشەكان لە كوردستان چارەسەر ببن و هەنگاو بەرەو قۆناغێكی نوێ و دڵخۆشكەر بنێین، پێوەندییەكانی بەغدا و هەولێر بەتەواوی ئاساییی ببنەوە و هەموو شتەكان بە دڵی خەڵكی كوردستان دەبێت.

"ئاشكرایە سەرۆكی حكوومەت هەمووكات لە خەمی خەڵكی كوردستاندا بووە و هیچ كات درێغی لە كار و هەوڵ و خزمەت نەكردووە، هەموو بەربەست و كۆسپەكانی بەردەم حكومڕانی و خزمەتی لە كوردستان تێكشكاندووە، بۆیە بێگومان تا هەرێمی كوردستان خاوەنی مەسروور بارزانی بێت مەترسی و هەڕەشەكان هیچ كاریگەرییەكیان نابێت و كوردستان بەهێزتر دەبێت"، سەگڤان سندی وای گوت.

شایەنی باسە دوێنێ سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و كابینەی نۆ جارێكی تر سەلماندیان كە هەموو هەوڵ توانایەكیان بۆ خزمەتكردن و سووككردنی بارگرانی و دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییان تەرخان كردووە، بەتایبەتی بۆ مووچەخۆران لە مامۆستا و فەرمانبەران، كە ئەوانیش جارێكی تر شاگەشكە بوون و خۆشحاڵیی خۆیان بە بوونی حكوومەتێكی پارێزەر بۆ مافەكانیان دووپات كردەوە.

سلێمانی/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل