دوای موسڵ.. سەربازە ئەمەریكییەكان دەڵێن دەفری فڕیویان لە ئاسمانی كەركووكدا بینیوە

:: PM:10:20:29/03/2024 ‌
ماڵپەڕی "ئاوت كیك"ی تایبەت بە دیاردە نامۆ و ناسروشتییەكان بڵاوی كردەوە، سەربازانی ئەمەریكی ددانیان ناوە بەوەی كە لە ساڵی 2011 لە ئاسمانی شاری كەركووك توانیویانە تەنێكی نامۆ لە شێوەی " دەفری فڕیو" ببینن. 

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە، دوای زیاتر لە 13 ساڵ شاردنەوەی زانیارییەكان، دواجار ئەو سەربازە ئەمەریكییانەی  لە ساڵی 2011 لە ئەركی فەرمی سەربازیدا بوون، بڕیاریان دا ئەوە باس بكەن كە لە ئاسمانی كەركووك لەكاتی پاسەوانیاندا لە شەودا چییان بینییوە. 

بەپێی قسەی سەربازە ئەمەریكییەكان، تەنێكی نامۆ لەشێوەی "دەفری فڕیو"ی ئاسمانیی لە ساڵی 2011دا لە ئاسمانی شارەكە بۆ ماوەی 20 خوولەك لەبەرزاییەكی زۆرەوە بینرا و كە بە چاو تەنیا وەك رووناكییەك دەردەكەوت، بەڵام بەهۆی ئەو ئامێرانەی نزیككردنەوەی كە لای ئێمە هەبوون و توانیمان نزیكی بكەینەوە و شێوەكەی رێك لە شێوەی "دەفری فڕیو" بوو، دوای 20 خوولەكەكە بە خێراییەكی زۆر بەرزتر بووەوە لەو ئاستەی لێی وەستابوو و دواتر دیار نەما. 

سەربازەكان كە قسەیان بۆ ماڵپەڕەكە كردووە، ئەوەیشیان گوت، بەرپرسانی رادارەكانی هێزی ئەمەریكا و تاوەرەكانی چاودێری نكۆڵییان لە شتێكی لەو جۆرە كرد و رەتیان كردەوە كە لەگەڵ ئێمەدا ئەو زانیارییانە بۆ سەرووی خۆیان بگەیەنن و لە راپۆرتەكەیشیاندا تەنیا ئاماژەیان بە بوونی تەنێكی نەناسراو كرد. 

جێگەی ئاماژەیە لە ساڵی رابردوودا كۆنگرێسی ئەمەریكا دانیشتنێكی تایبەتی ئەنجامدا لەبارەی بینینی تەنە نامۆكان لە شێوەی دەفری فڕیو لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە لە ساڵانی نێوان 2014 تا 2017، بەڵام بەشی لێكۆڵینەوە لە دیاردە ناسروشتیەكان لە پنتاگۆن رەتی كردەوە كە تا ئێستە توانیبێتیان بوونی تەنی فڕیو بسەلمێنن. 

پێشتریش رۆژنامەی "نیۆرك پۆست" تێبینی تەنێكی نامۆی كردبوو لەشێوەی "دەفری فڕیو" لە ڤیدیۆیەكی چوار چركەییدا كە لە 16ی نیسانی 2016 لەرێگەی فڕۆكە چاودێرییەكانی ئەمەریكاوە لە ئاسمانی موسڵ تۆمار كرابوون.


وشە - پۆڵا مەحموود