نوێترین زانیاری لەبارەی تەنە نامۆكەی ئاسمانی كوردستان

:: PM:10:11:12/04/2024 ‌
ئەمشەو لە بەشێكی زۆری ئاسمانی كوردستان تەنێكی نامۆ بینرا لە شێوەی مووشەك، شارەزایەكی كەشناسیش رای گەیاند تەنە نامۆكە پێوەندی بە بابەتی دابینكردنی ئینتەرنێت هەیە و هیچ دەزگایەكی تەناهیش زانیاری لەبارەی تەنە نامۆكەوە بڵاو نەكردووەتەوە و لای خۆشییانەوە چەند میدیایەكی ئێرانی بڵاویان كردەوە، تەنەكە مووشەكی كیشوەربڕی رووسی بوو كە تاقیكراوەتەوە.

ئەمڕۆ هەینی 12ی نیسانی 2024، وەزارەتی بەرگری رووسیا بڵاوی كردەوە، بە سەركەوتوویی تاقیكردنەوەی مووشەكێكی بالیستی كیشوەربڕیان تاقی كردووەتەوە.

بەپێی راگەیەنراوەكە، مووشەكەكە لە بنكەی "كاپۆستین یار" لە باشووری وڵاتەكە هەڵدراوە لە چوارچێوەی تاقیكردنەوەی سیستمی مووشەكی و بەهۆی تاقیكردنەوەكەیشەوە پشتڕاستبوونەتەوە لە سەقامگیریی ئەو مووشەكانەی كە خراونەتە خزمەتی هێزی سەربازی وڵاتەكە.


لای خۆشییەوە هەر ئەمشەو محەمەد كەمال شارەزای كەشناسیی بڵاوی كردەوە، ئه‌و ته‌نه‌ی له‌ ئاسمانی هه‌رێمی كوردستان بینراوه پێوەندی به‌ Space xوه‌ هه‌یه‌ واتا ڕۆكێتێكی ئاسمانیه‌ بۆ بابەتی پێوەندار بە دابینكردنی ئینته‌رنێت.

دەركەوتنی ئەو تەنە نامۆیەی كە تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە "سەعات 10ی شەو بە كاتی هەولێر" بە فەرمی لەلایەن هیچ دەزگایەكی پێوەندارەوە زانیاری لەبارەوە بڵاو نەكراوەتەوە، لەكاتێكدایە بووە هۆی دڵەراوكێ لەلایەن بەشێك لە هاووڵاتییانەوە، چونكە دنیا بەشێوەیەكی گشتی چاوەڕوانی وەڵامی ئێران بوو بۆ ئیسرائیل لە بەرانبەر ئەو ھێرشە مووشەكیەی كە لە یەكی ئەم مانگە ئیسرائیل كردییە سەر كونسوڵگەی ئێران لە دیمەشق.




وشە - پۆڵا مەحموود