سوپای ئیسرائیل: 99%ی هێرشەكانی ئێرانمان پووچەڵ كردەوە

:: AM:08:59:14/04/2024 ‌
گوتەبێژ بەناوی سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانیی زووی ئەمڕۆ رای گەیاند، ئەو هێرشەی ئێران بە سەتان مووشەك و درۆن كردیە سەر ئیسرائیل، 99%ی هێرشەكانیانمان پووچەڵ كردەوە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم 14ی نیسان، لەسەر زاری ئەفیخای ئەردەعی گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا لەڕێی "ئێكس" بڵاوی كردەوە، شەوی رابردوو ئێران بە 300 مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان "درۆن" و هەروەها مووشەكی كرووز، هێرشەكانی لە دژی ئیسرائیل دەست پێ كرد، بەڵام توانیمان بە هاوكاریی هاوپەیمانانمان 99%ی هێرشەكانی پووچەڵ بكەینەوە.

زیاتر گوتی، هێرشەكانی ئێران رووبەڕووی هێزە ئاسمانییەكانمان و هاوكات بە بەشداریی هاوپەیمانانمان بووەوە، بۆیە لەناو ئەو سەتان مووشەك و درۆن و كرووز، 99%ی پووچەڵ كراونەتەوە كە سەرجەمیان بەئاراستەی ئیسرائیل هاوێشترابوون.

ئەردەعی روونی كردەوە، لەناو 170 درۆن كە تاران ئاراستەی ئیسرائیل كرد، تەنانەت یەك درۆنیش نەگەیشتووەتە خاكی ئیسرائیل، هێزە ئاسمانییەكانمان توانیویانە سەرجەمیان تێكبشكێنن. هاوكات تاران 30 مووشەكی كرووزی بەهەمانشێوە ئاراستەی ئیسرائیلی كرد، بەڵام یەك مووشەكێك نەگەیشتووەتە خاكەكەمان و سەرجەمیان تەقێنرانەوە.

ئەردەعی دواتریش گوتی، تاران لەو هێرشەیدا 120 مووشەكی بالیستیی ئاراستەی ئیسرائیل كردووە، بەڵام زۆربەیان تەقێنرانەوە و ژمارەیەكی زۆر كەمیان گەیشتوونەتە بنكەی ئاسمانیی نەفاتیم و زیانێكی زۆر كەمی بە ژێرخانەكەی گەیاندووە. ئێستەیش بنكەكە لە كارەكانی بەردەوامە.

دوای ئەوەی پێشتر هێرشی كردە سەر بنكەیەكی ئێرانی كە دەگوترێ كونسوڵگە بووە لە دیمەشق، بووە هۆی كوشتنی محەمەدڕەزا زاهیدی فەرماندەیەكی باڵای ئێرانی و ژمارەیەكی تریش لە ئەفسەرانی سوپای پاسداران، بەدوایدا ئێران رای گەیاند تۆڵە دەكاتەوە، ئەمەریكا و بەریتانیا و وڵاتانی هاوپەیمانانی ئیسرائیلیش، ئاشكرایان كرد كە لە هەر هێرشێكی ئێراندا بەرگریی لە ئیسرائیل دەكەن.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د