دیسان سەگی بەڕەڵا منداڵێكی 12 ساڵی لەناو دەدەن

:: PM:01:27:16/04/2024 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهی لە باشووری عێراق ئەمڕۆ رای گەیاند، سەگی بەڕەڵا لە پارێزگای نەجەف، پەلاماری منداڵێكی 12 ساڵییان دا و بەهۆیەوە گیانی لە دەست دا.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم 16ی نیسان بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی سەرچاوە تەناهییەكە، رووداوەكە لە ناوەندی شاری نەجەفی باشووری عێراق بووە كاتێك سەگی بەڕەڵا پەلاماری كچێكی 12 ساڵییان داوە، بەهۆیەوە گیانی لە دەست داوە.

لە گەڕەكی حەی نیدا لە شاری نەجەف، ژمارەیەكی زۆری سەگی بەڕەڵای لێیە و كە چەندان جار دانیشتووانی گەڕەكەكە داوایان لە حكوومەتی ناوخۆی پارێزگاكە كردووە، چارەسەر بۆ دوورخستنەوەی سەگی بەڕەڵا بدۆزنەوە كە بوونەتە مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان، بەڵام تا ئێستەیش چارەسەر نەكراوە.

دواتریش سەرچاوەكە گوتی، تەرمی كچە منداڵەكە لەلایەن تیمێكی تەندروستی، بۆ نەخۆشخانە و پزیشكی داد گوازراوەتەوە و پشكنین بۆ تەرمەكە دەكرێت.

لە هەولێری پایەتەخی هەرێمی كوردستانیشدا تا ماوەیەك بەرلە ئێستەیش سەگی بەڕەڵا لە زۆربەی گەڕەكەكاندا هەبوون، بەڵام بە هەوڵی حكوومەتی ناوخۆی پارێزگاكە، شەڵتەرێك بۆ كۆكردنەوەی سەگی بەڕەڵا دروست كرا و ئێستە هەزاران سەگ لەو شەڵتەرەدا بەخێو دەكرێن، بەڵام ئێستەیش ژمارەیەكی تر لە سەگی بەڕەڵا لە هەندێك شوێنی هەولێر ماونەتەوە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د