رێگەی نێوان شارۆكەكان كرایەوە

:: PM:05:14:22/02/2018 ‌

بەهۆی باران بارینی زۆر لە چەند ڕۆژی ڕابردوو تیمەكانی سەرجەم شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان دەستیان كردووە بە كردنەوەی ڕێگەكانی نێوان گوندەكان و ڕێگە گشتییەكان، بەرپرسێكی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت، تیمەكانمان لە ئامادەباشین بۆ بارانی داهاتوو.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ـی شوبات، دواین ڕێگەی گیراو لەنێوان دوو گوندی شارەدێی هێرۆسی سەر بە شارۆكەی قەڵادزێ‌ لە دەڤەری پشدەری پارێزگای سلێمانی كرایەوە لەلایەن تیمەكانی فریاگوزاری كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەهۆی باران بارینەوە گیرابوو.

كرمانج عزەت قایمقامی شارۆكەی سۆران بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تیمەكانی فریاكەوتنی سۆران سەرجەم ڕێگەكانی چەند رۆژی ڕابردوویان كردەوە كە بەهۆی باران بارینەوە گیرابوون.

قایمقامی سۆران زیاتر گوتی، زیاتر ڕێگەی سۆران چۆمان و ڕێگەی گەلی بۆ بێخاڵ و ڕێگەی خودی دەوورووبەری گەلی كە دۆڵی هەیە و بەردی لێ دێتە خوارەوە ساڵانە دەگیرێت، بەڵام سەرجەم ڕێگەكان كراونەتەوە.

ساڵانە بەهۆی باران بارینی زۆرەوە ژمارەیەك لە ڕێگەكانی ناو شارەدێكان بە تایبەتی سنووری چیاكان دەگیرێت و بۆ ماوەی چەندان سەعات دادەخرێن، ئێستە تیمی فریاكەوتن لەسەرجەم شار و شارۆكەكان بۆ گیرانی ڕێگەكان لە ئامادەباشییە.



وشە - رامیار جەواد