لەبارەی ئاردی خراپەوە ئەنجوومەنی پارێزگا سلێمانی كۆ دەبێتەوە

:: AM:11:46:13/08/2018 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد، سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە كۆ دەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر هۆكاری خراپی بەشە ئاردی مانگانەی هاووڵاتییان دەكرێ، پێشتریش "وشە" بڵاوی كردەوە 150 تۆن ئاردی سلێمانی پڕ بووە لە بەرد.

ئەمڕۆ دووشەم 13ـی ئاب، مەهدی مەحموود ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر خراپی بەشە ئاردی مانگانەی هاووڵاتییان دەكرێت و بەڕێوەبەرێكیش دیاری دەكرێت.

زیاتر گوتی، ماوەی چەند مانگێكە بەشە ئاردی مانگانەی هاووڵاتییان لە شاری سلێمانی زۆر خراپە و پێویستە بەدواداچوون بكرێت، هەروەها بزانرێت هۆكاری خراپی ئەو ئاردە چییە و بۆچی ئاوایە.

ئاماژەی دا، لە بڕگەی دووەمی دانیشتنەكە سێ‌ كاندید هەین بۆ پۆستی بەڕێوەبەری ئەوقافی گەرمیان، یەكێكیان دەنگی لەسەر دەدرێت و وەك بەڕێوەبەری ئەوقافی گەرمیان دیاری دەكرێت.

پێشتر سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ـی ڕاگەیاندبوو، چەند بەرپرسێكی پێوەندیدار بە خراپی كوالیتی ئارد لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەن بانگێشت دەكرێن.

ئەوە لەكاتێكدایە كە لە دوایین ژمارەی هەفتەنامەی "وشە"، ئەوە ئاشكرا كرابوو كە لە 500 تۆن ئاردی سلێمانی، 150 تۆن بەردی تێدا بووە.



وشە - رامیار جەواد