ئەنجامی چاكسازی لە كەرتی تەندروستی ئاشكرا كرا

:: PM:06:25:18/09/2018 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، چاكسازی لە كەرتی تەندروستی بەردەوامە و تا ئێستە دەیان شوێنی سەرپێچی كار داخراون و 30 كەسیش بەهۆی ساختەكاریی لە كەرتی تەندروستی گیراون.

ئەمڕۆ سێشەم 18ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، فرسەت سۆفی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، چاكسازی لە كەرتی تەندروستی دەستی پێ كردووە و هەنگاوی باش نراوە بۆ ئەوەی چاكسازی ریشەیی لەوكەرتە گرنگە بكرێت، هاوكات لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە لیژنەیەكی باڵا پێكهاتووە و سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیە دەكات.

زیاتر گوتی، لە چوارچێوەی چاكسازییەكاندا لە ماوەی ڕابردوو زیاتر لە 50 شوێن داخراون كە دەرمانیان بە قاچاغ دەفرۆشت و لە دوو ڕۆژی ڕابردوویشدا 17 شوێنی تر  داخراون. هەروەك دووپاتی لەوە كردەوە كە تا ئێستە 30ی كەس گیراون كە ساختەكاریان لە كارەكانیاندا كردووە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد كە پێشنیازێك بۆ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كراوە بۆ ئەوەی دەزگایەكی بواری دەرمان و خۆراك  دابمەزرێت بۆ ئەوەی بتوانین بە تەواوی ئەو كێشانە چارەسەر بكەین .

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندبوو، چاكسازییان لە چەندان كەرت دەست پێ كردووە، بەڵام تا ئێستە بەشێكی زۆر لە ئەنجامی چاكسازییەكان بۆ ڕای گشتیی ئاشكرا نەكراوە.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم