سەردەمی كیلۆگرام بە كۆتا هات

:: PM:08:24:17/11/2018 ‌

دوای نزیكەی ١٣٠ ساڵ لە پێناسەیەكی جێگیر و دیاریكراو بۆ كیلۆگرام، نوێنەرانی زیاتر لە ٦٠ دەوڵەت لە كۆبوونەوەیەكی نوێی "كۆنگرەی گشتی سەبارەت بە كێش و پێوانەكان"، دەنگیان بە گۆڕینی یەكەی كیلۆگرام دا.

نزیكەی ١٣٠ ساڵە كە پێناسە و واتای "كیلۆگرام" پێوەست كراوە بە پارچە پلاتینیۆمێكی لوولەكی كە لە ساڵی ١٨٨٩دا دروست كراوە و لە ناوچەی سێڤری وڵاتی فڕەنسا داندراوە، بەڵام لە ٢٦ەمین كۆبوونەوەی "كۆنگرەی گشتی سەبارەت بە كێش و پێوانەكان"، بە بەشداری نوێنەرانی زیاتر لە ٦٠ دەوڵەت، دەنگ درا بەوە دووبارە پێناسە كیلۆگرام بكرێتەوە و پێناسەی پێشووی بگۆڕدرێت.

وا بڕیارە لە مانگی پێنجی ساڵی داهاتووەوە یەكەی كیلۆگرام لەجیاتی ئەوەی لەسەر بنچینەی شتێكی فیزیكییەوە وەربگیرێت، لەمەودوا پێوانەكە لەسەر بنچینەی هۆكارێكی بنەڕەتی فیزیایی وەربگیرێت كە ناسراوە بە بەردەوامیەتی پلانك.

بەردەوامیەتی پلانك بڕی ئەو وزەیەی فۆتۆنێك هەڵی دەگرێت پێوەست دەكات بە لەرەلەری شەپۆڵی ئەلكترۆمەگناتیكییەكەی. ئەلەكترۆمەگناتیك هێز دروست دەكات و هەر ئەوەیش بەكاردێت، بە شێوازی كۆیل، بۆ ئەوەی پێوەرێكی هاوكێش وەربگیرێت لە بەرامبەر ئەو یەك كیلۆگرامە فەرمییەی كە ڕاگیراوە.

تێبینی كرابوو كە نموونە بنەماییەكانی "كیلۆگرام" كە جێگیركراون بە ڕێژەی ٥٠ بۆ هەر ملیارێك، كورتی دەهێنا، بەڵام بە وەرگرتنی پێناسەی "كیلۆگرام" لە بەردەوامیەتی پلانكەوە، ئەو گرفتە چارەسەر دەبێت و ئەمەیش سوودێكی زۆری دەبێت بۆ ئەو پێوەرە زۆر وردەكان وەك گەردیلەكان.

وشە/ محەمەد شابان



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل