داوای داخستنی بازاڕەكانی كڕین و فرۆشتن بە چەك دەكرێت

:: AM:11:10:20/01/2019 ‌
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاشكرای دەكات، بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و وەك بەشێك لە ئەركی خۆمان لە هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان لە دیاردە و پیشێلكارییەكان و داكۆكیكردن لە مافەكانی هاووڵاتییان و دابینكردنی ژیانێكی شایستە و دوور لە توندوتیژی و شەڕ و تاوان، هەڵمەتێك  ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 20ـی كانوونی دووەم، لە ڕاگەیەنراوێكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هاتووە، بۆ كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی تەقەكردن و تاوانەكانی كوشتن و خۆكوشتن  كە ماوەیەكە رۆژانە بە بەرچاوی هەمووان، لە شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان بەداخەوە رۆژ نییە گوێبیستی هەواڵێكی نەخوازراو نەبین كە ڕووداوێك ڕوو دەدات لە دەرەنجامی بوونی چەك لە دەستی هاووڵاتی و لە ماڵان و لە بازاڕەكان و بە ئاسان دەستكەوتنی لەلایەن هاووڵاتی، ئەمەش نیگەرانی لای تەواوی هاووڵاتییان دروست كردووە و تەنانەت بووەتە مایەی دڵەڕاوكێ و كاریگەری بۆ سەر ئاسایشی خێزان و كۆمەڵگە بووە.

لە بەشێكی ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، بۆیە لەو سۆنگەیەوە دوای دوو ساڵ لە هەوڵی بەردەوامی دەستەی مافی مرۆڤ بۆ ئەو بابەتە و بڵاوكردنەوەی ئامارەكان لەسەر ڕووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن و تەقەكردن، هەروەها پێشكەشكردنی چەندان ڕاسپاردە و پێشنیار بۆ حكوومەت و لایەنی پێوەندیدار و دەزگا تەناهییەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دیاردەی چەكداری و داخستنی بازاڕەكان، سەرەڕای ئەوەی چەند ڕێكارێك خرایە ڕوو، جێبەجێ كرا بۆ كۆنترۆڵكردنی لەلایەن دەزگا تەناهییەكان بەدانانی خاڵی پشكنینی هاوبەش و گەڕان بەناو كافتریا و چایخانەكان و چاودێریكردنی بازاڕەكان، بەڵام بەداخەوە ماوە و كاتی بوونی ئەو هەڵمەت و هەوڵانە وایكردووە كە دوای ماوەیەك حاڵەتەكە ئاسایی بێتەوە و دووبارە چەندان حاڵەتی تەقەكردن بەچەك دەبیستین و ڕوو دەدەن.

 ئاماژە دراوە، وەك دەستەی مافی مرۆڤ لە ئەمڕۆوە هەڵمەتێكی نیشتمانی ڕادەگەیەنین بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی چەكداری و كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕەكانی چەكفرۆشی، هەروەها داوا لە مامۆستایانی ئاینی و رۆشنبیران و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەشدار بن لەو هەڵمەتە بۆ نەفرەتكردن لە چەك و دیاردەی چەكدار و بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی ئارام و شارستان و دوور لە توندوتیژی و كوشتن و هەواڵی جەرگبڕ و ناخۆش و گۆڕینی وێنەی پڕۆفایلەكان بۆ دژە چەكداری.

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكە ئاشكرا كراوە، لەڕێی نووسراوی فەرمییەوە دەستەی مافی مرۆڤ كە ئاراستەی لایەنی پێوەندیداری دەكات بۆ ئەنجامدانی ڕێكار و پلانی تایبەت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دیاردەی چەكداری و بازاڕەكانی چەكفرۆشتن و پێداچوونەوە بە رێنوێنییەكانی پێدانی مۆڵەتی چەك و چڕتركردنەوەی هەڵمەت و هەوڵەكانیان بەتایبەت لەو هەفتەیەی هەڵمەتەكە لە 20/1/2019‌ تا 5/2/2019، بەهیوای ژیانێكی ئارام و ئاسوودە بۆ هەمووان.



وشە - رامیار جەواد