سنووری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دیاری کرا

:: PM:02:15:15/04/2019 ‌
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، دواین خاڵی نێوان هێزەكانی عێراق و پێشمەرگە لەسەر نەخشە دیاری كراوە و بەو نزیكانە كۆبوونەوە لە ئاستی باڵاتر دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی نیسان، لە ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە هاتووە، لیژنەی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسانی سووپای عێراق كۆ بوونەوە.

لە بەشێكی ڕاگەیەندراوەكە ئاشكرا كراوە، لە ‌دەستپێكی ئەو كۆبوونەوەیەدا، ئاكامی لیژنە مەیدانییەكان بۆ رووپێوكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی  لەسەر نەخشە خرایە ڕوو و تێیدا بە وردی خاڵەكانی تایبەت بە دواین شوێنی ‌هێزی پێشمەرگە ‌و هێزەكانی عێراقی دیاریكرا و بڕیاردرا بەزووترین كات لیژنەی باڵا كۆ ببێتەوە.

لەكۆتایی ئەو كۆبوونەیەشدا، هەردوولا دووپاتیان لەسەر بەرەوپێشبردنی پێوەندییەكانی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای ئیتیحادی كردەوە لەبەرانبەر رووبەڕووبونەوەی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش و گروپە تیرۆریستییەكانی تر لەناوچە جیاجیاكانی عێراق و  ناوچەكا کوردستانییەکانی دەرەوی ئیدارەی هەرێم.

ئەو كۆبوونەوەیە لە كاتێكە ماوەی چوار مانگە لیژنەیەكی هاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگە بەیەكەوە كار دەكەن بۆ دیاری كردنی دواین خاڵەكانی پێشمەرگە  و سوپای عێراق.





وشە - رامیار جەواد