بۆ یەكەمجار ژنێك دەچێتە سەر مانگ

:: AM:11:09:16/05/2019 ‌
دوای زیادكردنی بودجەكەی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، ناسا دووپات لە بەڵێنەكەی دەكاتەوە كە لە گەشتی داهاتوودا بۆ سەر مانگ كە بڕیارە ساڵی 2024 ئەنجام بدرێت، ئەوا ژنێك بەشداری لە گەشتەكە دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی ئایار، رۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی بڵاوی كردەوە، ئەگەری زۆرە تا ساڵی 2024 ژنە فەلەكناسێك گەشتی سەر مانگ لەگەڵ ناسا ئەنجام بدات، دوای ئەوەی بە بڕی ملیارێك و 600 ملیۆن دۆلار بودجەی ناسا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا زیاد كرا.

ترەمپ دەڵێ، ئامانجی زیادكردنی بودجەكە ئەوەیە كە جارێكی تر ئەمەریكییەكان تا ساڵی 2024 گەشتی سەر مانگ ئەنجام بدەن.

هەوڵی ئیدارەی كۆشكی سپی بۆ چوونەوە سەر مانگ هاوكاتە لەگەڵ بەڵێنێكی پێشتری ناسا كە لە گەشتی داهاتووی بۆ سەر مانگ هەوڵ دەدات فەلەكناسێكی ژن بباتە سەر مانگ.

پڕۆژەی ئەپۆڵۆی نیشتنەوەی سەر مانگ  بە ناوی "ئارتمیس" ناو نراوە كە یەكێكە لە ئەفسانە یۆنانییەكان و بە مانای خوشكە دووانییەكە دێت.
 
جیم بردنشتاین بەڕێوەبەری ناسا دەڵێ، هیوادارم ئەو ئەركە مێژووییە ببێتە هۆی ئەوەی نەوەیەكی نوێ لە گەنجان و كچان بێنە ناو بواری فەلەكناسی، چونكە پلانمان داناوە ساڵی 2024 گەشتی سەر مانگ بكەین، لە ئێستەشەوە كار و پلان و ئامادەكاری بۆ دەكەین. 



وشە - فه‌رمان سادق