رێگەی نێوان پردێ و هەولێر دادەخرێت

:: PM:09:09:18/05/2019 ‌

سەرچاوەیەكی تەناهی رای گەیاند كە رێگەی سەرەكیی نێوان پارێزگای هەولێر و شارەدێی پردێ دادەخرێت لەگەڵ سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە سەنتەری پردێ، بێ روونكردنەوەی هۆكاری ئەو هەنگاوە.

سەرچاوەكە لەو بارەوە گوتی، فەرماندەی فرقەی شەش سەر بە هێزەكانی پۆلیسی فیدرالی عێراق فەرمانی داوە بە داخستنی رێگەی سەرەكیی نێوان هەولێر و پردێ، روونی كردەوە، بڕیارەكە هەروەها قەدەغەی هاتوچۆی هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلەكان لەناو پردێ دەگرێتەوە لە سەعات نۆی ئەم ئێوارەیەوە، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەبارەی هۆكاری بڕیارەكە بدات. 

هاوكات بڕیارە بە فەرمانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركووك لە سەعات نۆی ئەمشەوەوە قەدەغەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە كەركووك دەست پێ بكات، عابدین نەجمەدین، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەدێكە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا زانیارییەكانی دووپات كردەوە و گوتی، هاوكات لەگەڵ داخستنی رێگەی كەركووك - هەولێر لە شارەدێی پردێوە، قەدەغەی هاتوچۆ لە سەنتەری پردێ راگەیەندراوە.

زیاتر گوتی، ئەم رێوشوێنە بە فەرمانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركووك بووە و بڕیارەكە لە سەعات نۆی ئەمشەو جێبەجێ دەكرێت و تا سەعات شەشی بەیانی بەردەوام دەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل