ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمسیۆن دەستی لەكار كشاندەوە

:: PM:06:06:17/07/2019 ‌
دوای ئەوەی لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەك گوتەبێژی حكوومەت دەستبەكار بوو، جووتیار عادل ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی هەرێمی كوردستان دەستی لەكار كشاندەوە. گوتەبێژی كۆمسیۆن دەڵێ، بە نووسراوی فەرمی پەرلەمانمان ئاگادار كردووەتەوە و چاوەڕوانین رێكاری یاسایی بگرنەبەر بۆ پڕ كردنەوەی شوێنەكەی.

شیروان زرار گوتەبێژ و ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران، بۆ "وشە" پشتڕاستی دەستلەكار كێشانەوەی جووتیار عادل، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كردەوە، ئاماژەی بەوەدا كە ئەو ئەندامەی كۆمسیۆن بە فەرمی دەستلەكار كێشانەوەی پێشكەش بە كۆمسیۆن كردووە و قبووڵیش كراوە.

زیاتر گوتی "دانانی كەسێكی تر لە جێگەی ئەو ئەندامەی كۆمسیۆن، لە دەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستان دایە، بۆ ئەم مەبەستەش كۆمسیۆن نووسراوی فەرمی بۆ پەرلەمان كردووە و ئاگاداری كردووەتەوە لە دەستلەكار كێشانەوەی ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمسیاران"، زیاتر گوتی "پەرلەمان دەبێت رێكاری یاسایی بگرێتەبەر بۆ دەستنیشان كردنی كەسێكی تر لە جێگەی جووتیار عادل، ئەمەش بە كردنەوەی دەرگای پێشكەشكردنی سی ڤی دەبێت، پاشان لیژنەیەكی پەرلەمانی هەڵسەنگاندن بۆ سی ڤییەكان دەكات و یەكێك هەڵدەبژێرێت و لە پەرلەمانیش متمانەی پێ دەدرێت".

جووتیار عادل، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران، لە كاتی دامەزراندنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان، لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو بە ئەندامی كۆمسیۆن. لە دامەزراندنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش، لەلایەن سەرۆكی حكوومەت وەك گوتەبێژ دەستنیشان كرا و بڕیاری دەستبەكار بوونی بۆ دەرچووە.


وشە - فه‌رمان سادق